سه‌در په‌یوه‌ندی به سه‌رۆك بارزانی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عێراقه‌وه كرد
K24 – هه‌ولێر:
نووسینگه‌ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، رایگه‌یاند، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وته‌كه، له رێی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیی به سه‌رۆك بارزانی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عێراقه‌وه كردووه.
له‌و باره‌یه‌وه، باره‌گای بارزانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، "موقتەدا سەدر لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆک مەسعود بارزانییەوە کرد".
هه‌روه‌ها هاتووه: "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دوایین هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ کران".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی موقته‌دا سه‌در، ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌در په‌یوه‌ندی به هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، نوری مالكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده كردووه.
ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه، له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنیانه‌دا موقته‌دا سه‌در و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان ره‌وشی عێراقیان تاوتوێكردووه.
له دوای به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی له عێراق له (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2021)ه‌وه، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره موقته‌دا سه‌در له رێی ته‌له‌فۆنه‌وه قسه له‌گه‌ڵ نوری مالكی بكات.