بە وێنە.. گەنجترین سەرۆکی چیلی سوێندی یاسایی خوارد
K24 - هەولێر:
دوێنێ هەینی 11ـی ئاداری 2022 گابریێل بۆریک (36 ساڵ) وەک گەنجترین سەرۆکی چیلی لە مێژووی وڵاتەکەدا سوێندی یاسایی خوارد.
بۆریک لە شاری ڤالپاراسیۆ لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و بووە گەنجترین سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی چوار ساڵ 2022 – 2026.
سەرۆکە گەنجەکەی چیلی لەبارەی کابینەی حکومەتی نوێ وڵاتەکەیەوە گووتی: "شانازی بەم حکومەتەوە دەکەم، شانازی بەوەشەوە دەکەم کە ژنان لێرە ژمارەیان لە پیاوان زیاترە، ئەمەش بە یارمەتی جوڵەی ژنانە، بیرمان نەچێتەوە ئێمە هەموو رۆژێک قەرزارباری گەلی چیلیین."
بە نزیکەیی 500 کەس لە بەرپرس و دیپلۆماتکار و کەسایەتی دیار ئامادەی رێورەسمی سوێند خواردنەکە بوون.
بۆریک کە لە ئێستاوە تا چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکی چیلییە، لە ساڵی 2019 وەک سەرکردەیەک لە خۆپیشاندانی قوتابیان دەرکەوت، خۆپیشاندانەکە لە دژی نایەکسانی زۆر لە داهات، چاودێری تەندروستی و پەروەردە بوو، کە پرۆسەی هەموارکردنەوەی دەستووری سەردەمی دیکتاتۆری چیلی خێراتر کرد.
بۆریک لە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2021 لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چیلیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دوێنێ سوێندی یاسایی خوارد.
شارەزایان دەڵێن هاتنی ئەو ئاماژەیەکە بۆ ئەمریکای لاتینی نوێ کە لەژێر سایەیدا چیلی لە حکومەتەکانی ڤەنزوێلا و نیکاراگوا دوور دەخاتەوە.
H.H