وەزیری نەوتی عێراق زەویەکی حکومەت لە نێوان خۆی و 3 بەرپرسدا دابەش دەکات

نرخی زەویەکە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت و بەڵگەنامەی زەویەکەی
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت و بەڵگەنامەی زەویەکەی

K24 - هەولێر:

زەویەکی وەزارەتی نەوت بە مەبەستی دروستکردنی باڵەخانە کرایە چوار بەش و خاوەندارێتیەکەشی گەڕێندرایەوە بۆ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق.

وێنەی بەڵگەنامەی زەویەك کە کۆمپانیای "نفط الوسط"ـی سەربە وەزارەتی نەوت مامەڵەی پێوە کردووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، ئەو کەسانەشی وێنەکەیان بڵاوکردۆتەوە دەڵێن زەویەکە کراوە بە چوار بەشەوە و خراوەتە سەر ناوی چوار بەرپرس لە وەزارەتی نەوت لە نێویاندا وەزیری نەوت ئیحسان عەبدولجەبار.

بەڵگەنامەکە بەرواری ساڵی 2019ـی لەسەرە و زەویەکەی کۆمپانیای "نفط الوسط" دەکەوێتە ناوچەی مەنسور لە بەغدای پایتەختی عێراق.

هەندێک لە کارمەندانی وەزارەتی نەوت لە کۆمێنتەکانیاندا ئاماژە بەوە دەدەن، بڕیار بووە لەسەر ئەو زەویە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی بۆ فەرمانگەیەکی وەزارەتی نەوت دروست بکرێت.

بەگوێرەی کارمەندەکان، بەشێک لە زەویەکە تایبەت کراوە بۆ دروستکردنی چەند باڵەخانەیەکی هەرزان و کراوەتە چوار بەشەوە و خاوەندارێتیەکەیان دراوەتە وەزیری نەوت ئیحسان عەبدولجەبار و بریکاری وەزیر حامد ئەل-زوبعی و بەڕێوەبەری کارگێڕی وەزارەتەکە فیراس ئەل-سەدر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای "نفط الوسط" قەدوری سەلیم.

کوردستان24 هەوڵیدا لێدوانی وەزارەتی نەوتی عێراق وەربگرێت لەبارەی ئەم بابەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەت هیچ وەڵامێکی نەبووە. 

هەروەها کەناڵی عێراق24 لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەدا، زەویەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی گرانبەهای شاری بەغدا و بە 17 ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت.