میدیاکانی رووسیا باسی زیانەکانی کوردستان24 دەکەن
K24 – مۆسکۆ
چەند میدیایەکی رووسیا باسیان لە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی سەر هەولێر و زیانگەیشتن بە دامەزراوەی کوردستان24 کردووە.
ئاژانسی رییانۆڤەستی رووسی نووسیویەتی: چەند مووشەکێک لە نزیک دامەزراوەی کوردستان24 کەوتوونەتە خوارەوە و زیان بە ئامێر و کەل و پەلەکانی کوردستان24 گەیشتووە.
هاوکات، ئاژانسی تاسیی رووسی ئاماژەی بە لێدوانێکی ئومێد خۆشناوی پارێزگاری ھەولێر داوە و نووسیویەتی: بەھۆی چەند مووشەکێک زەرەر و زیانێکی زۆر بە ئۆفیسی سەرەکی دامەزراوەی کوردستان24 گەیشتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
وێبسایتی کەمسەمۆڵسکایا پڕاڤدای رووسی نووسیویەتی، چەند مووشەکێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا و دامەزراوەی کوردستان24 لەسەر رێگای سەلاحەدین-ھەولێر، کەوتوونەتە خوارەوە و زیان بە باڵەخانە و کەل و پەلەکانی دامەزروەی کوردستان24 گەیشتووە.
هەر پەیوەست بە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی سەر هەولێر، کەمێرسانتی رووسی بڵاویکردووەتەوە، چەند مووشەکێک دەوربەری کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لەشاری ھەولێر کەوتوونەتە خوارەوە و زیان بە باڵەخانەی کەنالی کوردستان24 کەوتووە.
وێب سایتی NewsFrol بە رووسی بڵاویکردووەتەوە، لەلایەنێکی تیرۆرستییەوە ستۆدیۆی تەلەڤزیۆنی کوردستان24 ی بۆردوومان کرا.
وێبسایتی ڤێچرنایا مەسکڤای رووسی بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی شەفەق نیوز نوسیویەتی: چەند مووشەکێک لە نزیک کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و باڵەخانەی دامەزراوەی کوردستان24 کەوتوونەتە خوارەوە، زیان بە ئامێر و کەل و پەلەکانی کوردستان24 گەیشتووە.
هەروەها کەناڵی 360 رووسی دەڵێت: مووشەکەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا و دامەزراوەی کوردستان24 لەسەر رێگای سەلاحەدین-ھەولێر، کەوتوونەتە خوارەوە و زیان بە باڵەخانە و کەل و پەلەکانی کوردستان24 گەیشتووە.