بافڵ تاڵه‌بانی: پاراستنی ئاسایشی هەولێر و سەلامەتی گیانی خەڵكەكەی بە ئەركی خۆمان دەزانین

"یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەكە"
بافڵ تاڵه‌بانی
بافڵ تاڵه‌بانی

K24 – هه‌ولێر:

بافڵ تاڵه‌بانی، ئیدانه‌ی هێرشه مووشه‌كییه‌كی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كات و رایگه‌یاند، دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە مایەی نیگەرانییە و ئاماژەیەکی روونە بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كی شه‌وی 12/ 13ی ئادار/ مارسی 2022ی سه‌ر هه‌ولێر شه‌رمه‌زار كرد و گوتی: ‎ پاراستنی ئاسایشی هەولێر و سەلامەتی گیانی خەڵكەكەی بە ئەركی خۆمان دەزانین. یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەكە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی:

بەداخەوە جارێکی تر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و شاری هەولێری خۆشەویست رووبەڕووری هێرشێکی تیرۆریستی بووەوە. بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەم و هیوای سەلامەتی بۆ خەڵکی خۆشەویستی هەولێر دەخوازم.

دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە مایەی نیگەرانییە و ئاماژەیەکی روونە بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان. ئەرکی هەموومانە پێکەوە پارێزگاری لە خاک و خەڵکەکەمان بکەین و رووبەڕووی تەحەدییەکان بوەستینەوە.

پاراستنی ئاسایشی هەولێر و سەلامەتی گیانی خەڵكەكەی بە ئەركی خۆمان دەزانین. یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەكە.

‎بافڵ جەلال تاڵەبانی