پارتی: زۆر بە توندی پەلامارەكه‌ی سه‌ر هه‌ولێر سەرزەنشت و ریسوا دەکەین

"هاووڵاتیانی دڵسۆز و خۆراگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە شاری هەولێر هەمیشە ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانتر دەبێت"
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مەکتەبی سیاسی پارتی  دیموکراتی کوردستان ئیدانەی پەلامارە دوژمنکارییەکەی سەر شاری هەولێر دەکات و راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه‌، داوادەکەین ئەو کارە دوژمنکارانە دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە جیددی کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگە گرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانەی کە ئامانج لێیان گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوەیه‌.

هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان و دۆستە کە ھەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیەنن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 13ـی ئاداری 2022، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە پەلامارێکی دوژمنکارانە و شکستخواردوو کرایە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە توندی ئەو پەلامارە سەرزەنشت و ریسوا دەکەین و بە پەلاماردانێکی دژ بە دانیشتوانی هەولێری نموونەی پێکەوەژیان و ئارامی بە تایبەتی و کوردستان بە گشتی دەزانین.

 لەو بارەوە داوادەکەین ئەو کارە دوژمنکارانە دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە جیددی کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگە گرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانەی کە ئامانج لێیان گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوە و شێواندنی بارودۆخی ئارام و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، ھاوکات چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان و دۆستە کە ھەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراق.

لە کۆتاییدا هاووڵاتیانی دڵسۆز و خۆراگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە شاری هەولێر هەمیشە ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانتر دەبێت و، بە ئیڕادەی بەھێزی گەلەکەشمان وەکو ھەمیشە دوژمن و ناحەزانمان ریسوا و شەرمەزارتر دەبن.

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

13ـی ئاداری 2022