سەرۆکی چیچان دڵنیایی دەدات کە لە ئۆکرانیایە

رەمەزان قادیرۆف چووەتە پاڵ هێزە رووسیەکان
رەمەزان قادیرۆف، سەرۆکی چیچان
رەمەزان قادیرۆف، سەرۆکی چیچان

K24 - هەولێر:

سەرۆکی چیچان، رەمەزان قادیرۆف دڵنیایی دا کە لەم کاتەدا لە ئۆکرانیایە و بۆ شەڕی دژبە حکومەتی ئۆکرانیا چووتە پاڵ هێزە رووسیەکان کە ئێستا لە پێشڕەویدان لەو وڵاتە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانی فرانس پرێس، رەمەزان قادیرۆف لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە فڕۆکەخانەی گۆستومێل بە جلوبەرگی سەربازیەوە بینراوە،  فڕۆکەخانەکە نزیکە لە کیێڤی پایتەختەوە و لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە. 

چەند رۆژێک بەر لە دەرکەوتنی قادیرۆف گوتی: "چەند رۆژێک لەمەوبەر تەنها 20 کیلۆمەتر لێتانەوە دووربووین  ئەی "نازیەکان"ـی کیێڤ، ئێستاش نزیکترین لێتانەوە، خۆتان بەدەستەوە بدەن، ئەگەرنا لەناودەچن.

سەرۆکی چیچان یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و چەند جارێک بۆ بەرگریکردن لە رووسیا هەڕەشەی لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردووە. میلیشایەکی سەربازی لەژێر دەستدایە، لە سەرەتای ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەی رووسیا لە ئۆکرانیا، چەند جارێک نمایشی سەربازی بڵاو کردەوە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر سەرباز کۆببوونەوە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە رێگادان بەرەو ئۆکرانیا.

H.H