گهورهترین ئاژانسی ههواڵی جیهان پشتیوانی بۆ كوردستان24 دهردهبڕێت
K24 - ههولێر:
دوا بە دوای هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، کە تێیدا دامەزراوەی کوردستان24 زیانی پێگەیشتبوو، ئاژانسی فرانس پرێس لە نامەیەکدا پشتیوانی خۆی بۆ کوردستان24 دەردەبڕێت.
جۆو بیدل، سەرنووسەری بهشی رۆژههڵاتی ناوهڕاسته له ئاژانسی فرانس پرێس "AFP"، کە بە گەورەترین ئاژانسی هەواڵی دادەنرێت له جیهان، لە نامەیەکدا بۆ محەمەد حاجی کەریم بەڕێوبەری گشتی دامەزراوەی کوردستان24، پشتیوانی "فرانس پرێس"ی دووپات کردەوە.
سەرنووسەری ئاژانسی فرانس پرێس لە ناوەڕۆکی نامەکەیدا نووسیویەتی "ئێمە زۆر خەمبارین بەو زەرەر و زیانانەی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەوە بۆ سەر هەولێر بەر دامەزراوەکەتان کەوتووە، هیوادارین هەموو ستافەکەتان تەندروست و سەلامت بن، هاوخەمتانین، دڵنیابە لە پشتیوانی بەردەواممان، هیوای باشترینتان بۆ دەخوازین."
ئاژانسەکە لە ساڵی 1835 بەناوی ئاژانسی ھاڤاس دامەزرا و کۆنترین ئاژانسی ھەواڵە لە جیھاندا کە بارەگاکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە.
فرانس پرێس خاوهن زیاتر له 201 ئۆفیس و ناوهندی ههواڵییه لە 151 وڵاتی جیھاندا و لەگەڵ هەردوو ئاژانسی رۆیتەرز ئەسۆوشیەیتید پرێس، 3 گەورەترین ئاژانسی هەواڵین لە جیهاندا.
AFP ھەواڵ و ڤیدیۆ و وێنە و گرافیک بە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی و عەرەبی و پۆرتوگالی و ئیسپانی و ئەڵمانی بۆ چەندین سەرچاوەی دیکەی ھەواڵ لە جیھاندا دەستەبەر دەکات.
H.H