هۆشیار زێباری: ئێران "درۆ" ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
هۆشیار زێباری، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له تویتێكدا رایگه‌یاند، هه‌ردوو پاساوی ئێران بۆ مووشه‌كبارانی ئامانجه مه‌ده‌نییه‌كانی هه‌ولێر، راست نیین و ئێران "درۆ" ده‌كات.
زێباری له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، نووسیویه‌تی: "چیرۆكی ئێرانییه‌كان بۆ مووشه‌كبارانی هه‌ولێر گۆڕا، دوای مووشه‌كبارانی مه‌ده‌نییه‌كان له هه‌ولێر، وتیان سه‌نته‌رێكی مۆسادی ئیسرائیلمان له هه‌ولێر كردووه‌ته ئامانج، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ كوژرانی دوو سه‌ركرده‌ی فه‌یله‌قی قودس له سووریا، درۆیان كرد.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: دواتر چیرۆكه‌كه‌یان گۆڕی و باس له‌وه ده‌كه‌ن باره‌گایه‌كی سوپای پاسداران له 14ی شوباتی رابردوو له كرمانشان كراوه‌ته ئامانج و هێرشه‌كه له هه‌ولێره‌وه بووه، به‌ڵام دووباره درۆ ده‌كه‌ن.
هۆشیار زێباری، به هه‌مان شێوه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، پۆستێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا تانه‌ی له باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له عێراق داوه.
هۆشیار زێباری نووسیویه‌تی: باڵیۆزی ئێران له كه‌ربه‌لای موقه‌ده‌سه‌وه رایگه‌یاندووه، بۆردومانی هه‌ولێر په‌یوه‌ندی به سه‌روه‌ری عێراقه‌وه نییه، له‌و بڕوایه‌دام ئه‌و پێویستی به‌وه‌یه بچێته خولێكی دیپلۆماتی و یاسایی و له باره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ندی باشی دراوسێیه‌تی و رێزگرتنی هاوشێوه‌ی نێوان وڵاتان فێر بێت.