ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکان رادەسپێرێت چارەسەرکردنی کێشە و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بگرنە ئەستۆ

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە
دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، وەستانی چەند خولەكێك بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە
دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، وەستانی چەند خولەكێك بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک لە کۆبوونەوەدایە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە راسپاردنی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتە، بەپێی تایبەتمەندێتییان بەرپرسیارەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

- لەژێر دروشمی (تەنها بە ئاوەدانی برینی هەڵەبجە سارێژ دەبێت) بەرز ڕاگرتنی یادی (34)ەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە 1988/3/16، خستنەڕووی پێشنیار  و دواکارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، و خولەکێک راوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

- بابەتی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی 2022/3/13، و بەسەرکردنەوەی شوێنی بۆردومانەکە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هاوەڵی بۆ هەولێر بۆ ئەم مەبەستە لە ڕۆژی 2022/3/14.

- راسپاردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێویستە لە ئێستا زیاتر بەپێی تایبەتمەندێتییان بەرپرسیارەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ، هەر وەزارەت و بەپێی تایبەتمەندێتی خۆی لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییان کە بە یاسا بۆیان دەستنیشان کراوە چونکە ئەمە بەرپرسیارەتی ئەوانە نەک تەنها سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.