راگەیەندراوی هاوبەشی پێنج وڵات سەبارەت بە پێکدادانەکانی سووریا

"کاتی کۆتایی هاتنی هێرشە بێ بەزەییەکانی ئەسەد هاتووە بۆسەر گەلەکەی"
ئاڵای سووریا به‌سه‌ر وێرانه‌كانی جه‌نگدا
ئاڵای سووریا به‌سه‌ر وێرانه‌كانی جه‌نگدا

K24 - هەولێر:

لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەدا هاتووە "رژێمی سووریا و پشتیوانانی بەرپرسن لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کەس و ئەو مەینەتیانەی لەو ماوەیەدا روویانداوە و ئیدی کاتی کۆتایی هاتنی هێرشە بێ بەزەییەکانی ئەسەد هاتووە بۆسەر گەلەکەی".

وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و بەریتانیا لە 11مین ساڵیادی جەنگی ناوخۆی سووریادا، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە سووریاییەکان بۆ داواکردنی حکوومەتێک کە ئازادیی، چاکسازی سیاسیی و مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت، 11 ساڵ بەرلە ئێستا رژانە سەر شەقامەکان، بەڵام رژێمی ئەسەد بە هێرشێکی بێ بەزەییانە وەڵامی گەلەکەی خۆی دایەوە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

شەڕی سووریا
شەڕی سووریا

لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە کە رژێمی سووریا و پشتیوانانی بەرپرسن لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کەس و ئەو مەینەتیانەی لەو ماوەیەدا روویانداوە و ئیدی کاتی کۆتایی هاتنی هێرشە بێ بەزەییەکانی ئەسەد هاتووە بۆسەر گەلەکەی.

ئاماژە بەوە دراوە کە ساڵیادی جەنگەکە، هاوکاتە لەگەڵ هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و سەرنج خراوەتە سەر کاولکاریەی هێرشەکانی رووسیا لەو دوو جەنگەدا دروستی کردوون.

سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەبیرهێنراوەتەوە و داوای ئاگربەست کراوە لەسەرانسەری وڵاتەکەدا، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهەڕەمەکی دەستگیرکراون و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەوانەی بێ سەروشوێنن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە ئەو پێنج وڵاتە لە هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد پشتیوانی ناکەن، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تا پێشوەچوون بەدی نەیەت لەبارەی چارەسەرێکی سیاسیی لە سووریادا، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو رژێمەدا ئاسایی ناکرێتەوە و سزاکان هەڵناگیرێن.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تا ئێستا بەرپرسیارێتی رژێمی ئەسەدی بۆ چەندین هێرشی کیمیایی دژبە گەلی سووریا پشتڕاستکردووەتەوە و بە پێویستی زانیوە بەرپرسیاران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوای بەشداریکردنی هەموو لایەنەکانی سووریا کراوە بە رژێمەکەی ئەسەدیشەوە لە کۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری ئەو وڵاتە کە بڕیارە 21ی ئادار لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە: AA

H.H