شارەوانی سلێمانی لەبارەی رێگریکردن لە دروستکردنی مزگەوتێك روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

"ئەو کارەی ئەنجاممان داوە بە رەزامەندی داواکاری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە"
هەیکەلی ئەو مزگەوتەی رێگە بە دروستکردنی نەدراوە
هەیکەلی ئەو مزگەوتەی رێگە بە دروستکردنی نەدراوە

K24 - هەولێر:

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە روونکردەوەیەکی سەبارەت بە رێگریکردن لە دروستکردنی مزگەوتێک لە گوندی ئەڵمانی رایگەیاند، "ئەو کارەی ئەنجاممان داوە بە ڕەزامەندی داواکاری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە و لایەنی جێبەجێکار رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی نەبووە."

لە روونکردنەوەکەی شارەوانی سلێمانیدا هاتووە، "سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەو پارچە زەوییەی مزگەوتەکەی لەسەر دروست کراوە ناوچەی قەدەغەکراوە (محرمة)یە، لەبەرئەوەی لەسەر بۆریی ئاو و پڕۆژەیەکی ئاو دروست کراوە کە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات. ھەمان ئەو بەندەی رێگری لە دروست کردنی بینا دەکات لەسەر ئاوەڕۆ ھەمان بڕگەش ڕێگری لە دروست کردنی بینا دەکات لەسەر پڕۆژەی ئاو."

 بۆریی ئاو و پڕۆژەیەکی ئاو کە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات
بۆریی ئاو و پڕۆژەیەکی ئاو کە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات

شارەوانی سلێمانی روونیشیکردەوە، "بۆ بەرچاوڕوونی ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی، ئێمە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی نیازی تێکدان و روخاندنی ھیچ بیناو موڵکێکمان نییە چ جا ئەوەی بێتە سەر شوێنێکی پیرۆزی وەک مزگەوت، بەڵام پابەندبوون بە یاساو جێبەجێکردنی ئەرکی ھەموو لایەکمانە، بەڵام لایەنی جێبەجێکار رەزامەندیی بەڕوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی نەبووە."

شارەوانی سلێمانی باسی لەوەش کردووە، "دروست کردنی مزگەوت کۆمەڵە رێکارێکی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پێویستە لایەنی جێبەجێکار نەخشەی پەسەندیی نەبووە. بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە ئەو لایەنە ھیچ جۆرە مامەڵەیەکی یاسایی بۆ دروست کردنی مزگەوتەکە وەرنەگرتووە، بۆیە پێتان رادەگەیەنین ئەو کارەی ئەنجاممان داوە بە ڕەزامەندی داواکاری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە و پێشتریش سکاڵای وەبەرھێنانی لەسەربووە، لە ھەمانکاتدا فەرمانی کارگێڕی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بۆ دەرچووە.

وەک وەبیرهێنانەوەیەك ئاماژە بەوەش دراوە، پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بە نوسراوێک لە ساڵی (2021) دا داوای لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە.