به‌ راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت چوار بەنداوی ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

"لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین"
به‌نداوی دووكان
به‌نداوی دووكان

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئاشكرای ده‌كات، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێک تێگەیشتننامەی دروستکردنی چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیژی واژوو كرا.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، "چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراو:

بەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی گروپی نێودەوڵەتی کۆمپانیاکانی POWERCHINA، لێک تێگەیشتن نامەی دروستکردنی چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیژیمان واژۆکرد.

بەنداوەکانیش بریتین لە:

1/ بەنداوی دەڵگە لە پشدەر

2/ بەنداو خێوەتە لەسلێمانی

3/ بەنداوی مەنداوە لە هەولێر

4/ بەنداوی باکرمان لە دهۆک

ئەنجامدانی ئەم لێک تێگەیشتن نامەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە بۆ چارەسەری کێشەی گلدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی دیاردەی وشکەساڵی و زیادکردنی خەزێنی ئاو و باشتر بەرێوەبردنی ستراتیژی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.

ئەم لێک تێگەیشتن نامەیە لە چوارچێوەی یاسا و رێسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو واژۆکراوە، لەگەڵ یەکێ لە کۆمپانیا بەهێزەکانی وولاتی چین لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دروستکردنی بەنداوە گرنگ و ستراتیژیەکان، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری.

لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ دروستکردنی زنجیرەی بەنداوەکان و پڕۆژەکانی دیكه‌ی ئاودێری و زیاد کردنی سەرچاوەکانی گلدانەوەی ئاوی هەرێمی کوردستان.

بێگەرد تاڵەبانی 

 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو