ئەو هۆکارانەی نرخی نەوتیان بەرز کردەوە

نرخ نەوت 111 دۆلاری تێپەڕاند
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 21ـی ئاداری 2022 لە بازاڕەکانی جیهان، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 112 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

رۆژی ھەینی 20ـی ئاداری 2022 نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 109 دۆلار و 59 سەنت و دواتر بۆ 107 دۆلار و 93 سەنت دابەزی.

ئەمڕۆش لە کاتژمێر 12:20ـوە، نرخی نەوت بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەڕێژەی 4.6% رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بە 112 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە ھەمانکاتدا یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە 106 دۆلار و 82 سەنت فرۆشرا.

هەنگاوەکانی دیپلۆماسی و سزاکان سەبارەت بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە بەرنامەی کاری وڵاتاندا دەمێنێتەوە بەتایبەتی ئەمەریکا.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری بڕیارە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی چوار شەممەی داهاتوو، سەردانی برۆکسل بکات، رۆژی پێنج شەممه‌ بەشداری لە لووتکەی ناتۆ، لووتکەی G7 و لووتکەی ئەنجومەنی ئەوروپا دەکات و پاشان سەدانی پۆڵەندا دەکات.

لەو کۆبوونەوانەدا پێشبینی دەکرێت سزاکانی سەر رووسیا فراوان بکرێن، ئەوەش نیگەرانیەکان لەبارەی دروستبوونی کێشەی دەستەبەرکردنی نەوت زیاد دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن حووسییەکانەوە نیگەرانیەکانی لەبارەی خستنەڕووی نەوت زیادکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.

چین کە دووەم گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، حاڵەتەکانی توشبوونی رۆژانە بە پەتای کۆرۆنا گەیشتووەتەوە ئاستی ئەو رۆژانەی لە سەرەتای 2020دا پەتاکە زۆر چڕ بوو، ئەوەش نیگەرانییەکانی خواستی لەسەر نەوت زیاد کردووە.

وڵاتی چین کە یەکەم وڵاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنایە، لە دوای زیاتر لە ساڵێک، لەم هەفتەیەدا حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تیایدا تۆمار کرا.

باس لەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە نەوتی خاوی برێنت لەنێوان 111 دۆلار و 80 سەنت بۆ 114 دۆلار و 9 سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان 109 دۆلار و 51 سەنت بۆ 107 دۆلار و 22 سەنت بمێنێتەوە.

سەرچاوە:AA

H.H