پۆلیسی دهۆک: بکوژی ژن و مێردەکەی بەردەڕەش خۆی رادەست کرد
K24 - هەولێر:
بەرە بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە 21ـی ئاداری 2022، دوو هاووڵاتی لە سنووری قەزای بەردەڕەش کوژران و بکوژەکەشیان خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە گوندی گومەزەر لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە ناحیەی دارەتوو ژن و مێردێک لەلایەن کەسێکی تەمەن 20 ساڵەوە کوژران."
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشدا، ژن و مێردەکە تەمەنیان 26 و 27 ساڵە و بکوژەکەیان راستەوخۆ دوای تاوانەکە خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردوە.
ئەو کەسەی خۆی رادەستی پۆلیس کردوە، دانی بە تاوانەکەدا ناوە و بەپێی بەندی 406 لە یاسای سزادان، دەستەبەسەر کراوە.