شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا

"رێوڕەسمێک بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بۆ شاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رێكخرا"
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لەسەر بانگێشتنامەی فەرمی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا له‌ به‌غدا، شاندێكی وه‌زاره‌ت گه‌یشته‌ به‌غدا.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ 21ـی ئادار / مارسی 2022، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێکهاتبوون لە لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا روکن بەختیار محەمەد، راوێژکاری وەزارەت و عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە، گەیشتنە بەغدا.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند،  شانده‌كه‌ بەشداریان لە دیدارێکی تایبەت بە داواکردن و دابینکردنی پێداویستیەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

شاندی هەرێمی کوردستان داواکاری پێداویستیەکانی خۆیان پێشکەش بە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا له‌ به‌غدا کرد، هەردوولا واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش کرد، بۆ دابین کردنی پێداویستیەکان.

باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا، بە ئامادەبوونی جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق و جەنڕاڵ فلیپس راوێژکاری باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، رێوڕەسمێک بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن لە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، رێکخرا.