ژمارەیەک گەنجی عێراقی بۆ شەڕی ئۆکرانیا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن

"زۆربەیان بۆ دەستکەوت دەیانەوێت بگەنە ئۆکرانیا"
شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا
شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا

K24 – هەولێر

ژمارەیەک گەنجی عێراقی ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی خۆبەخشانە بچنە لەگەڵ ئۆکرانییەکان دژی رووسیا بجەنگن، هەندێکیشیان نایشارنەوە "بۆ دەستکەوت و بە دەستهێنانی مافی مانەوە لە وڵاتانی دیکە" هەوڵی گەیشتن بە ئۆکرانیا دەدەن.

حەیدەر زەریفی، یەکێکە لەو کەسانەی لە عێراق ناوی خۆی وەک "خۆبەخش" تۆمار کردووە، دەیەوێت بۆ شەڕکردن دژی رووسیا بچێتە ئۆکرانیا، ئەو ئێستا چاوەڕێی ئەوەیە پەیوەندی پێوە بکەن و بەرەو کیێڤ بەڕێ بکەوێت، دەڵێ: "زۆربەی گەنجانی عێراق بەهۆی هەژاری و بێکاری دەیانەوێت بۆ دەستکەوت بچنە ئۆکرانیا، ئامانجیانە مافی مانەوە لە وڵاتێکی دیکە بەدەستبێنن و داهاتوویان لە وڵاتێکی دیکە دابین بکەن".

حەیدەر، تەمەنی 30 ساڵە و پێشتر پۆلیسی عێراقی بووە لە پارێزگای قادسییە، ئێستا چەکی هەڵگرتووە و دەیەوێت خۆبەخشانە بچێتە ئۆکرانیا، ئاماژە بەوە دەکات: "ئەوانەی دەیانەوێت خۆبەخش بن بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن و لە رێگەی دەروازەی ئۆکرانیاوە بگەنە ئەوروپا، من یەکێکم لەو کەسانەی خەون بە گەیشتن و ژیان لە ئەوروپا دەبینم".

گوتیشی: "من لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیم کە خۆبەخشی کراوەیە بۆ چوونە ناو سوپای ئۆکرانیا، ئەمەم بە دەرفەتێکی زێڕین زانی کە بگەمە ئەوروپا و لەوێ داوای پەنابەری بکەم، چونکە بارودۆخی ژیان لە عێراق زۆر گرانە و چیتر ناتوانم لێرە بمێنمەوە".

ئەو گەنجە عێراقییە باسی لەوەشکرد، چاوەڕێی وەڵامی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا دەکات و دوای ئەوەی سەردانی کردون، بەڵگەکانی پێشکەشکردووە، پاسەوانێکی پاراستنی باڵوێزخانەی ئۆکرانیا لە بەغدا پێی گوتوە، سەبارەت بە داواکەی بۆ خۆبەخشی وەڵامی دەدەنەوە.

دەشڵێت: " من لە هەندێک هاوڕێمەوە بیستوومە، دەبێ هەموو خۆبەخشێک خۆی ئامادە بکات و جلی گونجاو بۆ شەڕ و قەڵغان و کڵاوی هەبێت".

لەسەرەتای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24/2/2022، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای پێکهێنانی "هێزی نێودەوڵەتی" کرد کە شانبەشانی هێزەکانی ئۆکرانیا شەڕ بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد: "زانیاریمان دەستکەوتووە، لە چەند وڵاتێکی جیاواز خەڵک بەکرێگیراوە، بۆ ئەوەی لە ریزەکانی سوپای رووسیا دژی ئۆکرانیا شەڕ بکەن، هەرکەسێک هەوڵبدات بچێتە پاڵ رووسیا ئەوە خراپترین بڕیار دەدات".

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا 3 هەزار خۆبەخشی ئەمەریکی شانبەشانی هێزەکانی ئۆکرانیا دژی رووسیا دەجەنگن. هاوکات میدیاکانی ئۆکرانیا باس لەوە دەکەن، هەزاران خۆبەخشی فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوایی و باکووری ئەوروپا روویان لە ئۆکرانیا کردووە.

لەلایەکی دیکە و بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری فەرماندە سەربازییەکانی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی رژێمی سووریا، هەندێک لەچەکدارەکانیان دەڵێن ئامادەن لە ئۆکراینا لەگەڵ هێزەکانی رووسیای هاوپەیمانمیان شەڕ بکەن، بەڵام تائێستا فەرمانیان بۆ چوونە ئەوێ پێنەگەیشتووە.

سەرچاوە: DW