ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: ئاسایشی سلێمانی بووه‌ته شه‌قاوه‌خانه
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، به تۆمه‌تی ته‌قه‌كردنی له ماڵی به‌رپرسێكی یه‌كێتی و رفاندنی هاووڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب له چه‌مچه‌ماڵ، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌ستگیركرا، ئێستا ناوبراو ئازادكراوه و له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه و باس له‌و "بێرێزییانه" ده‌كات كه له ئاسایشی سلێمانی به‌رامبه‌ر كراوه.
عه‌بدوڵڵا كوێخا موباره‌ك، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، باس له ورده‌كاری ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانی ده‌كات و ده‌ڵێت: "کاتێ چومە ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاسایش ئاگادار کرایەوە لەوەی من دەستگیر کراوم ئیتر سوکایەتی بەرامبەرم دەستی پێ‌کرد" و وه‌ك له روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كردووه، كه ئه‌و خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك شه‌هیده له بنه‌ماڵه‌كه‌ی، به‌ڵام هیچ سوودی نه‌بووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت : "ڕێک وەکو ئەمنە سورەکەی کاتی سەدام تەعامول لەگەڵ گەنجەکانمان دەکرێت لە ئاسایشی سلێمانی".
به گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاكی نیشتمانی، هه‌ڕه‌شه‌ی سووكایه‌تیكردن و "ئه‌نجامدانی كاری خراپ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری به‌ندكراوان" له به‌ندییه‌كان كراوه و ده‌ڵێت: "بە بەڵگەوە لامە کە لەکاتی تەحقیق و تەعزیبی گەنجی کەسوکاری ئەنفالدا پێیان وتوە ژنەکەت دێنین و لە بەرچاوت کاری خراپی لەگەڵ دەکەین".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی نوێنەری یەکێتیە و ئەو حیزبە بەرپرسیارە لەو کارە دڕندانە و نا مرۆڤانەیە".
وه‌ك له روونكردنه‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه به‌هۆی باسكردنی باڵه‌كانی ناو حزب ئاگاداری ناوه‌ڕۆكی لێكۆڵینه‌وه‌كه نه‌بوون و ده‌ڵێت: "لە کاتی لێکۆڵینەوە باس باسی حیزبایەتی و باڵ باڵێن بو نەک عەسڵی مەوزع".
له درێژه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "هەر لێرەیشەوە بە خۆم و حیزبەکەی خۆم و یەکێتی ئەڵێم ئەگەر ئێمە نەتوانین ئیجرائات لە بەڕێوەبەرێکی خۆمان بکەین و نەتوانین چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشێکی خۆمان بکەین کە بۆتە شەقاوەخانە ناوی نراوە ئەمنە سورەکە دور لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان و دور لە هەموو یاساوڕێسایە مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکات ئیتر بە چی ڕویەکەوە باس لە چاکسازی گشتی و سیستەمەی حوکمڕانی بکەین".
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان:
ڕونکردنەوە
۷/٦/۲۰۱٦ چومە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە مەستی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام لەوێ پیانوتم کە بڕیاری دەستگیرکردنم هەیە منیش دوای ئەوەی بۆم دەرکەوت بڕیاری دادگایە ڕازیبوم بە بڕیارەکە هەرچەندە هاوڕێیانم کە چەند ئەفسەرێکی باڵا‌و زیاد لە چوار سەیارە چەکدار بون داوایان لێمکرد کە لە فڕۆکەخانە بگەڕێمەوە و دواجار بۆخۆم بچمە بەردەم دادگا بەڵام من سوربوم لە سەر ئەوەی کە لە ڕێگای ئاسایشی فڕۆکەخانەوە خۆم بدەم بە دەستەوە و ئەو کۆدی عەیبە و نەفسێتە بشکێنم لە ناو بەرپرسان و کەسایەتیەکاندا کاتێک داوا دەکرێن بۆ بەردەم دادگا ئیتر لەگەڵیان چوم بۆ ئاسایشی گشتی لەوێوە درامە ئاسایشی سلێمانی تا ئێرە ڕێزم لێ گیرا و منیش زۆر خۆشحاڵبوم کە بۆ یەکەم جار لە کوردستاندا من وامکرد کەسێک لە ئاستی سەرکردایەتی حیزب وەکو هاوڵاتیەکی ئاسایی ببرێت بۆ دادگا و زیندانی بکرێت.
کاتێ چومە ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاسایش ئاگادار کرایەوە لەوەی من دەستگیر کراوم ئیتر سوکایەتی بەرامبەرم دەستی پێ‌کرد، هەرچەند بۆیانم ڕونکردەوە کە من ئەندامی جڤاتم و کەسێکی ناسراوم و نیوەی کەسوکاری من لە پێناو ئازادی کورد و هێنانەدی ئەم ئاسایشەی ئێوە کاری تێدا دەکەن شەهید بون بۆیە داواکارم ڕێکارە یاسایەکان بگرنە بەر و بێ ڕێزیم پێ نەکەن بەڵام بێسودبو.
لە کاتی لێکۆڵینەوە باس باسی حیزبایەتی و باڵ باڵێن بو نەک عەسڵی مەوزع.
وە لەم سوکایەتێی بە من کرا ناخۆشتر ئەوەیە کە ڕێک وەکو ئەمنە سورەکەی کاتی سەدام تەعامول لەگەڵ گەنجەکانمان دەکرێت لە ئاسایشی سلێمانی و بە بەڵگەوە لامە کە لەکاتی تەحقیق و تەعزیبی گەنجی کەسوکاری ئەنفالدا پێیان وتوە ژنەکەت دێنین و لە بەرچاوت کاری خراپی لەگەڵ دەکەین.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی نوێنەری یەکێتیە و ئەو حیزبە بەرپرسیارە لەو کارە دڕندانە و نا مرۆڤانەیە.
بە هۆی ئەو تۆمەتانەی بۆم دروستکرابو کە تەقەکردنبو لە ماڵی بەرپرسانی یەکێتی لە سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕفاندنی کەسێکی عەرەب چومە بەردەم دادگاکانی سلێمانی، چەمچەماڵ و دەربەندیخان وە ئامادەم بۆ هەر کەیسێکی تر بچمە بەردەم دادگا.
هەر لێرەیشەوە بە خۆم و حیزبەکەی خۆم و یەکێتی ئەڵێم ئەگەر ئێمە نەتوانین ئیجرائات لە بەڕێوەبەرێکی خۆمان بکەین و نەتوانین چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشێکی خۆمان بکەین کە بۆتە شەقاوەخانە ناوی نراوە ئەمنە سورەکە دور لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان و دور لە هەموو یاساوڕێسایە مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکات
ئیتر بە چی ڕویەکەوە باس لە چاکسازی گشتی و سیستەمەی حوکمڕانی بکەین، لە هەموو دونیا دوو جۆر حکومڕانی هەیە یان دیموکراسی یان دیکتاتۆری پارتی لە سنوری دەسەڵاتی خۆی یەکێ لەو دووەی سەپاندووە بەڵام لە هەندێک دامودەسگای سنوری ئێمە وەکو دژە تیرۆر، دەزگای ئاسایش و هتد نە دیموکراسی و نە دیکتاتۆری بونی نیە تەنها بەرەڵا خانەیە و چەند شەقاوەیەک بەڕێوەی دەبەن.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک
۱٦-٦-۲۰۱٦