لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا 12 رۆژنامەنووس کوژراون

10 رۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون
تیمێکی رۆژنامەوانی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا
تیمێکی رۆژنامەوانی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا 12 رۆژنامەنووس کوژراون.

ئایرینا ڤێندێکتۆڤا، داواکاری گشتی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆڵامەیەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی تاکوو ئێستا 12 رۆژنامەنووس کوژراون و 10 رۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون، کە دوو لە بریندارەکان هەڵگری رەگەزنامەی ئیماراتن.

هەروەها ئاماژەیداوە، 56 کەس لە ئەندامانی تیمە میدیاییەکانی رووماڵی جەنگ لە ئۆکرانیا دەکەن، کەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماردان، لە نێویاندا 15 کەسی بیانی هەن، کە خەڵکی وڵاتانی سویسرا، دانیمارک، چیک، بەریتانیا، ئیمارات و ئەمەریکان.

هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24/2/2022، دەستیپێکردووە، بووەتە هەواڵی سەرەکی رۆژانەی میدیاکان.