نرخی پەرلەمانتار له بهغدا گەیشتە چەند؟
K24 – بهغدا:
هەر لەگەڵ چوونە نێو ناوچەی سەوز، تێبینی ئهوهی دهكهی بەشێک لە شەقامەکان بەکۆنکرێت داخراون و هێزێکی زۆری جل رەشی نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوه، هەر تەماشای دۆخەکە بکهی، هەست بەوە دەكهی کە عێراق لە چ هەراییەکی سیاسی و ئەمنیدایە.
ئەو چەند کاتژمێرەی پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان له (26ی ئادار/ مارسی 2022) بۆ هەردوو بەرەی (رزگارکردنی نیشتیمان) و (چوارچێوەی هەماهەنگی) یەکلاییکەرەوە بوو.
به گوێرهی زانیاریی كوردستان24، یەکگرتوو و کۆمەڵ و نۆ پەرلەمانتاری سوننەکان دواجار تاڕادەیەکی زۆر تای تەرازووهکەیان تێکدا، ئەوەی کە چوارچێوەی هەماهەنگی ویستی، ئهنجام درا، بەڵام هێشتا ژمارەیەک پەرلەمانتار ماوە، کە ئەگەری ئەوەیان تێدایە بێنە بەرەی (رزگارکردنی نیشتیمان)ـەوە.
سێ شاند بۆ یەك ئامانج
پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە ، هەریەک لە (پارتی و سوننەکان و سەدری)یەکان بە سێ شاندی جیا دەچوونە لای پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، گرەنتیان پێی دەدان و بەڵێنیان دەدا، کە دۆخەکە بەدڵی ئەوان دەبێت، حکومەتێک دروست دەکرێت، کە خزمەتی خەڵک بکات بەرنامەیەی کاری کابینەکەیان رووندهكردهوه، بەڵام لە چرکە ساتەکانی کۆتایی ژمارەیەک پەرلەمانتار پاشگەزبوونەوە!
هیچ ڕێگەیەک لەبەردەم سەرۆک پەرلەمانی عێراق نەبوو، کە تەنیا دانیشتنەکە دوابخات بۆ کاتێکی دیکە تاکو بتوانرێت رێژەی یاسایی تەواو بکرێت.
نرخی پەرلەمانتار گەیشتە چەند؟
هەر بۆخۆی فڕێدانی ئەو قسەیە ئەو ئامانجەی پێکا، کە بەشێک لەسەربەخۆکان خۆیان بڕیاری پێش وەختەیان دابوو، کە بەشداری بکەن، بهڵام كه ئەوەیان بیست، پاشەکشیان لە دانیشتنەکە کرد و ترسان بکەونە بەر ئەو شاڵاوە و تۆمەتباربکرێن.
باس كردنی كڕینی دهنگی پهرلهمانتاران و هێنانە پێشەوەی پارەوپوڵ دۆخێکی خراپی دروست کردبوو، پهرلهمانتاره سهربهخۆكان ترسی ئهوهیان ههبوو، لای خەڵک وێنەیەک دروست بكرێت، کە هەر کەسێک بەشداری بکات؛ واتا پارەی وەرگرتووە و پرسەکە هیچ پەیوەندی بە پرسی چاکسازییەوە نییە.
"چوارشەممە مەوعیدمانە"
هەر دوای دواخستنی دانیشتنەکە بۆ رۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدر، رێبهری رهوتی سهدر بە تویتێك دڵنیایی دا، کە پاشگەزبوونەوە نییە و چوارشەممەی داهاتوو بۆ ئێمەیە، وەک ئاماژەیەک بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بڕیاره رۆژی چوارشهممهی داهاتوو، دانیشتنێكی تایبهت به ههڵبژاردنی سهرۆك كۆماری عێراق و دهستنیشانكردنی سهرۆك وهزیران ئهنجام بدرێت، هاوپهیمانی رزگاریی نیشتمان، كه له ههرسێ فراكسیۆنی سهدرییهكان و پارتی و سیاده پێكهاتووه، ههوڵی ئهوه دهدهن، رێژهی یاسایی بۆ دانیشتنهكه كۆبكهنهوه.