پاسەوانی سنوور خاڵێکی ستراتیژییان لە سنووری کانی ماسێ زیاد کرد
K24 - دهۆك:
هێزێكی پاسهوانی سنوور خاڵێكی پاسهوانییان له قهڵای قومریێ له ناوچهی كانی ماسێ جێگیركرد، كه دهكهوێته بهرزترین شوێنی ناوچهكه.
عومەر کامل، موختاری گوندی (قۆمریێ) بە کوردستان24ی راگەیاند، ماوەیهکە قهڵای قۆمریێ بووتە مەیدانی شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی سوپای تورکیا، چەندینجار بەر بۆردومانی ئەو هێزانە کەوتووە و بەهۆیەوە زیانی زۆر بەر گوندەکە و ناوچهكه کەوتووە.
ئاماژهی بهوهش كرد، دوینێ هێزێک، کە به نزیکەیی 60 سەربازی پاسەوانی سنووری عێراقی دهبن و لەسەر قهڵاكه جێگیرکران.
موختاری گوندەکە ئاشکراشیکرد، رێنیشاندەری ئەو هێزه بووه، كه له قهڵاكه جێگیركراوه، ئاماژهی بهوهشكرد، بڕیار وایە ئەمڕۆ چەند خاڵێکی دیكهش لەلایەن ئەو هێزانەوە لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێن، کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا، کە ماوەیهکە بەهۆی بوونی پەکەکە هاتووهتە ناوچەکەوە.
بەپێی زانیاری موختاری گوندەکە، مێژووی دروستکردنی قەڵای قومریێ بۆ زیاتر لە 200 ساڵ دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە بەرزاییەکانی سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی تورکیا له باکووری کوردستانهوه.
قەڵای قومریێ نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە گوندەکە دوورە و لهسهردهمی میرە کوردەکان، حوکمی تێیدا كراوه و بە شوێنێکی ستراتیژی ناوچەکە دادەنرێت و دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانی ماسێ، لە سنووری قەزای ئامێدی. گوندی قۆمریێ لە 70 ماڵ پێکدێت، بەڵام بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و بۆردومانی بەردەوامی ناوچەکە، خەڵکەکەی لە ترسی هێرشەکان ناتوانن بچنهوه سەر ئاقاری گوندەکەیان.