کێ بەرپرسیارێتی مینەکانی دەریای رەش لە ئەستۆ دەگرێت؟

مەترسیان لەسەر هاتووچۆی دەریایی ناوچەکە دروست کردووە
مینی ژێر دەریا
مینی ژێر دەریا

K24 - هەولێر:

ژمارەیەك مین لە سنووری ئاوی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کەوتوونەتە دەریای رەشەوە و بوونەتە مەترسی لەسەر ناوچەکە، "کیێڤ"ـیش بەرپرسیارێتی مینەکان دەخاتە ئەستۆی مۆسکۆ.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکەدا رایگەیاند، ئەو مینا دەریاییانەی بەرەو سنووری ئاوی تورکیا و رۆمانیا شۆڕ بوونەتەوە، سەربە ئۆکرانیا نین و هەتا سەرەتای 2022 لەلایەن هێزی دەریایی ئۆکرانیاوە تۆمار نەکراون.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە، کە رووسیا هەوڵ دەدات ئۆکرانیا هەراسان بکات و ناو و ناوبانگی لەلای هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی ناشرین بکات، لەرێگەی بەکارهێنانی ئەو مینە دەریاییانەوە کە ساڵی 2014 لەکاتی داگیرکردنی شاری سیفاستوبولی ئۆکرانی دەستی بەسەردا گرتن.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا، رووسیا تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی مینی دەریایی و وەک شێوازێکی چەتەیی نوێ وەسفی دەکات و گووتیشی: "بەرپرسیارێتی بەکارهێنانی مینە دەریاییەکان و دەرئەنجامە چاوەڕوان نەکراوەکانیان تەنیا لە ئەستۆی رووسیا و هێزە دەریاییەکانیدایە."

لە ماوەی رابردوودا رووسیا هێزی دەریایی ئۆکرانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە مینی دەریایی بەکارهێناوە و بەهۆی شەپۆلی دەریایەوە ژمارەیەکی زۆری مینەکان بەرەو دەریایی رەش شۆڕبوونەتەوە و مەترسیان لەسەر هاتووچۆی دەریایی ناوچەکە دروست کردووە، ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە.

به‌ره‌به‌یانی 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) به‌كاتی ئۆكرانیا، كه‌ ده‌شێت ئه‌م مێژووه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی سێیه‌می جیهانی، رووسیا له‌ 3 قۆڵه‌وه‌ هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی كرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا، زیاتر لە مانگێکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا لە خاکی ئۆکرانیادا کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

سەرچاوە: AA

H.H