"سەنگەرەکان قایمتر و تۆکمەتر دەکرێن"

"لەکەم و کوڕیی و کێشەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیەی پرسییه‌وه‌"
سەنگەرەکان قایمتر و تۆکمەتر دەکرێن
سەنگەرەکان قایمتر و تۆکمەتر دەکرێن

K24- هه‌ولێر:

دوای بڕیاری وەزیری پێشمەرگه بە دووبارە سەنگەرسازی له‌ تەواوی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بونیاتنانەوەی بەشێوەیەکی سەربازیانەی سەردەمی، لەرێگەی هاوکاری و فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێم، پڕۆسەی سەنگەرسازی پێشمەرگە بەردەوامە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تییدا هاتووه‌، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتی ئەرک و کاری پڕۆسەی سەنگەرسازی، ئەمڕۆ (30ـی ئادار / مارسی 2022)  لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، بەیاوەری لیوا عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمه‌رگه‌ و لیژنەی راسپێردراوی سەنگەرسازی،  سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی یەک و دوو، بەسەرکرانه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، لەم بەسەرکردنەوەیەدا، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، ستایشی ئەرک و کاری لیژنەی سەنگەرسازی کرد و لەکەم و کوڕیی و کێشەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیەی پرسییه‌وه‌.

جێگری سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند: "ئەم پڕۆسەیە لەپێناو پاراستنی گیانی تاک بەتاکی پێشمەرگە و توندوتۆڵکردنی سەنگەر و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەیە، وێڕای ئەوەش وەک بونیادێکە، کە بارتەقای گەورەی و شکۆیی پێشمەرگه بێت".