دوو فڕۆکەی رووسی بە چەکی ناوکییەوە بە ئاسمانی ئەوروپادا دەسوڕێنەوە

"وەک کردەوەیەکی تۆقاندنی بە ئەنقەست بووە"
وێنەی دوو فڕۆکە
وێنەی دوو فڕۆکە

K24 – هەولێر

دوو فڕۆکەی رووسی هەڵگری چەکی ناوکی بە ئاسمانی ئەوروپادا سووڕاونەتەوە، بەشێک لە میدیاکانی ئەوروپاش دەڵێن، کردەوەکە وەک تۆقاندن بووە.

تۆڕی هەواڵی سوید ئاشکرای کردووە، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە دوو فڕۆکەی سوخۆ-24 سەربازی رووسیا هەڵگری چەکی ناوکی، بۆ ماوەیەکی کەم بە ئاسمانی سوید دا فڕیون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کارە وەک کردەوەیەکی تۆقاندنی بە ئەنقەست بووە.

تۆڕی هەواڵی سوید راشیگەیاندووە، ئەو دوو فڕۆکە لەلایەن دوو فرۆکەی دیکەی سوخۆ 27 یاوەری کراون و لە بنکەی ئاسمانی کالینینگرادەوە فڕیون لە رۆژی 2ی ئادارەوە چاودێری ئاسمانی سوید دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کاردانەوەیدا سوید فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی هەڵساندون و فڕۆکەوانە رووسەکان لە هەوڵی ئاماژەکردندابوون بۆ نیشاندانی چەکی ناوکی.

هەر بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی سوید، سەرجەم فرۆکە رووسییەکان چوونەتە دوورگەی باڵتیک.