مه‌لا به‌ختیار: خاڵی گومرگی له‌ سلێمانی زیاتره‌ كه‌چی رێگه‌وبانی هه‌ولێر زۆر باشترن

"خانه‌نشینی داماویش له‌ برسان و له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆدا رۆژانه‌ گیانیان ده‌به‌خشنه‌ بێباكی ئیداره‌ی سلێمانی"
مەلا بەختیار    فۆتۆ: AA
مەلا بەختیار فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر:

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لەبارەی رووداوی هاتووچۆی دوێنێ شەوی رێگای نێوان هەولێر – کۆیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی بڵاوکردەوە.

لەگەڵ دانانی وێنەی ئەو پێنج یاریزانەی کە بوونە قوربانی رووداوەکەی دوێنێ، مەلا بەختیار نووسیویەتی، "هیوادارم هەندێک رێگاوبان کە بە رێگای مەرگ ناسراون بکرێنە دوو ساید".

لە نووسینەکەیدا دەشڵێت، "کوردستان وەك دوو دەڤەری جیاوازی لێهاتووە، لە هەولێرەوە تا دهۆك رێگاکان چاک و دوو ساید. لە دەربەندی گۆمەسپانی کۆیەوە تا گەرمیان، سەدان کیلۆمەتر یەك ساید و پڕ لە چاڵ و پێچی مەرگن".

لە درێژەی نووسینەکەیدا باسی لەوەش کرد، "ژمارەی گومرکەکانی سلێمانی لە هەولێر و دهۆک زیاترن، هەروەها نەوت و گاز لە ئیدارەی جارانی سلێمانیدا بایی هەموو پرۆژەکانی تێدایە، بازرگانی فراوان لەم دەڤەرەدا هەیە، کەچی پرۆژەکان زۆربەیان راگیراون و مووچە دابین ناکرێت و خانەنشینی داماویش، لە برسان و لەژێڕ پاڵە پەستۆدا رۆژانە گیانیان دەبەخشنە بێباکی ئیدارەی سلێمانی".

مەلا بەختیار لە کۆتاییدا نووسیویەتی، "ئەم پێنج وەرزشکارەی بالەش، قوربانی سیاسەتی نەبوونی ستراتیژی ژێرخانی رێگاوبانن".

شەوی رابردوو له‌ رێگه‌ی كۆیه‌ - هه‌ولێر، له‌ نزیك گوندی گۆمه‌تاڵ رووداوێكی هاتووچۆ له‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ ئۆتۆمبێلی جۆری "مازدا و ئه‌تیكۆ" روویدا، كه‌ 5 سه‌رنشینی تیدابوو، لە ئەنجامی رووداوەکەدا هەر پێنجیان گیانیان لەدەستدا.