ده‌روازه‌ی باشماخ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی شێوازی گه‌شتكردن بڵاوكرده‌وه‌

وه‌رگرانی ڤاكسین به‌مشێوه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن
مه‌رزی باشماخ
مه‌رزی باشماخ

K24 - هەولێر:

لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، "گەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێم و بیانی" تەنیا بە هەبوون و نیشاندانی بەڵگەنامەی وەرگرتنی  هەردوو ژه‌مه‌ ڤاکسینی دژە کۆرۆنا (لە سەرجەم جۆرەکانی ڤاکسینی باوەڕپێکراو پشتڕاستکراوی وەزارەتی تەندروستی) دەتوانن لەدەروازەی باشماخەوە هاتووچۆ بکەن.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئیسماعیل علی ئاغا، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخدا هاتووه‌، وەرگرانی یەک ژه‌م ڤاکسین لەجۆری (جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن)ـیش پێویستیان بە ئەنجامدانی پشکنین نابێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراو:

رێنمایی نوێ بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیان ،هاتن و ڕۆشتن

ئاماژە بە راگه‌یه‌ندراوی ژمارە (9)ـی ساڵی (2022)ـی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان / لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرواری 28 – 3 – 2022 دەرچوو.

لە سبەی هەینی بەرواری 1 – 4 - 2022  و رۆژانی دواتر "گەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێم و بیانی" تەنیا بە هەبوون و نیشاندانی بەڵگەنامەی وەرگرتنی  هەردوو ژه‌می ڤاکسینی دژە کۆرۆنا (لە سەرجەم جۆرەکانی ڤاکسینی باوەڕپێکراو پشتڕاستکراوی وەزارەتی تەندروستی ) دەتوانن لەدەروازەی باشماخەوە هاتووچۆ بکەن و پێویستیان بە ئەنجام دانی پشکنین نابێت.

هەروەک به‌ گوێره‌ی ناوەرۆکی راگه‌یه‌ندراوی ئاماژەپێکراو، وەرگرانی یەک ژه‌م ڤاکسین لە جۆری (جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن)ـیش پێویستیان بە ئەنجامدانی پشکنین نابێت، بەپێچەوانەوە یەک ژه‌می ڤاکسینەکانی دیکە یاخود هیچ ژەمێکی وەرنەگرتبێ پێویستە پشکنینی کۆرۆنا لەجۆری (PCR)یان ئەنجام دابێت کەماوەی (72) کاتژمێر بەسەر دەرچوونی ئەنجامەکەیدا تێپەڕنەبووبێت.

هیوای سەلامەتی بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیانی بەڕێز دەخوازین و هەروەک داواکاریشین لەپێناو سەلامەتی و تەندروستی و کارئاسانی زیاتر بۆخۆتان لەکاتی ئەنجامدانی گەشتەکانتان، ئەوانەی تا ئێستا هیچ ژەمە ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە، سەردانی ناوەندەکانی وەرگرتنی ڤاکسین سەر بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و ژەمی پێویستی ڤاکسینی خۆڕایی و دابینکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەربگرن.

بەسوپاسەوە سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی بنکە و بەڕێوەبەرایەتی و بەشە جیاوازەکانی باشماخ بەبێ پشوودان لەخزمەت گەشتیاران و هاووڵاتیان دەبن و تەنیا داواکارین لەئێوەش کە پاش دڵنیابوونەوە لەبڕیار و رێنماییە نوێیەکان (بەتایبەت مەرجی نەگۆڕی تێپەڕبوونی سنوور کە نابێت پاسپۆرت بەسەرچووبێت و لانی کەم شەش مانگ زیاتر ماوەی بەسەرچوونی تێدامابێت) و بەڵگەنامەکانی دیکەی پێویست بەگەشتکردن (وەک ڤیزا و مەرجی تەندروستی) ئه‌وكات سەردانی دەروازەی باشماخ بکەن بۆئەوەی گرفتتان بۆ دروست نەبێت.

لەگەڵ رێزدا

ئیسماعیل علی ئاغا

لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ