تیروپشكی مۆندیال كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگی لێكه‌وته‌وه‌

كافۆی به‌رازیلی له‌ كاتی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر. 1 ئاپرلی 2022
كافۆی به‌رازیلی له‌ كاتی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر. 1 ئاپرلی 2022

لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەری میوانداری مۆندیالی 2022، بە ئامادەبوونی سەرۆکی فیفا و راهێنەرەکانی هەڵبژاردەی بەشداربووه‌كانی مۆندیال، تیروپشکەکە راکێشڕا و هەڵبژاردە بەشداربووەکانی دابەشی سەر هەشت کۆمەڵە کران.

تیروپشکی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە دەوحە راکێشرا، قەتەڕ و ئیکوادۆر رۆژی ٢١ـی نۆڤێمبەری ئەمساڵ لە یاریگای ئەلبەیت یاریی کردنەوەی مۆندیالی قەتەڕ ئەنجام دەدەن.

لە کۆمەڵەی یەکەمدا، قەتەڕی خانەخوێ و ئیکوادۆر و سەنیگالی پاڵەوانی جامی ئەفریقا و هۆڵەندا بەیەک دەگەن، سادیۆ مانێ هێرشبەری سەنیگالی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دوای بردنەوەی لە محەمەد سەڵاح ئەمجارەیان رووبەڕووی ڤیرجیل ڤان دایکی هاوڕێی دەبێتەوە.

لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئینگلتەرا و ئێران و ئەمریکا و هەڵبژاردەیەکی ئەوروپی کە لە پاشکۆ لە نێوان ئۆکراینا و وێلز و سکۆتلەندا یەکلا دەبێتەوە، ئێران و ئەمریکا یاریی دێربی دیبلۆماسی و سیاسەت ئەنجام دەدەن و هەمان سیناریۆی مۆندیالی ١٩٩٨ دووبارە دەکەنەوە کە ئەوکاتیش وەکو دوو رژێم و حکوومەتی نەیار لەسەر لاکێشەی سەوز بەیەکگەیشتن.

لە کۆمەڵەی سێیەمدا، جارێکی دیکە لیۆنێل مێسی و هاوڕێیەکانی بەرامبەر سعوودیە یاریی دەکەن، مەکسیک و پۆڵەنداش دوو هەڵبژاردەی دیکەی کۆمەڵەی سێیەم دەبن و لەگەڵ ئارجێنتینا و سعوودیە ململانێ لەسەر دوو بلیتی ئەو کۆمەڵەیە دەکەن.

لە کۆمەڵەی چوارەمدا، فەرەنسای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو لەگەڵ دانیمارک و تونس بەیەک دەگەن، لە نێوان ئیمارات و ئوستڕالیا و پیرۆش هەڵبژاردەیەکی دیکە بۆ کۆمەڵەکە سەردەکەوێت کە بە پاشکۆی ناسنامەی بلیتەکەی ئەم کۆمەڵە یەکلا دەبێتەوە.

لە کۆمەڵەی پێنجەم ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ژاپۆن یاریی دەکەن و کۆستاریکا و نیوزلەنداش لە قۆناخی پاشکۆ یەکلای دەکەنەوە کامیان دەبێتە هەڵبژاردەی چوارەمی ئەم کۆمەڵەیە، کە ئەڵمانیا و ئیسپانیا لەم کۆمەڵەیە بەربژێری سەرەکین بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی ١٦.

لە کۆمەڵەی شەشەمیش، بەلجیکا و کەنەدا و مەغریب و کڕواتیا کۆدەبنەوە، کە کەنەدا دووەمجارە دەگاتە مۆندیال و لەم کۆمەڵەیە رکابەری لەگەڵ کێڤن دێ برۆین و هاوڕێیەکانی و لۆکا مۆدریچ و دۆستەکانی دەکات بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی ١٦.

لە کۆمەڵەی حەوتەم بەڕازیل سیمبولەکەی مۆندیال لەگەڵ سویسرا و سڕبیا و کامیرۆن بەیەک دەگەن، هاوشێوەی مۆندیالی ٢٠١٨ جارێکی دیکە سیلیساو لە قۆناخی کۆمەڵەکان لەگەڵ سویسرا یاریی دەکات.

پۆرتوگاڵیش لە کۆمەڵەی هەشتەم ئەرکی ئاسان نابێت، لەگەڵ غانا و ئۆرۆگوای و کۆریای باشوور یاریی دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێیەکانی لە زەحمەتترین کۆمەڵەی مۆندیالی قەتەر یاریی دەکەن.

كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر
كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر