ئۆکرانیا رزگارکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤی لە بوونی رووسیا راگەیاند

"بەهۆی مەترسیی مین تا ئێستا شارەکە بەتەواوەتی ئارام نەبووەتەوە"
دیمەنێکی کیێڤ - فۆتۆ: رۆیتەرز
دیمەنێکی کیێڤ - فۆتۆ: رۆیتەرز

K24 - هەولێر:

حکوومەتی ئۆکرانیا دوای رزگارکردنی ناوچەکانی ئیربین و بۆتچا و گۆستۆمیل، رزگارکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤی لە بوونی سەربازیی رووسیا راگەیاند.

جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، ئانا مالیار لە هەژماری تایبەتی خۆی رزگارکردنی ناوچەکانی ئیربین و بۆتچا و گۆستۆمیل، رزگارکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤی لە بوونی سەربازیی رووسیای راگەیاند.

لای خۆیەوە، سەرۆکی شارەوانی ئیربین، ئەلێکساندەر ماکۆسین، رزگارکردنی تەواوی شارەکەی لە بوونی رووسیا راگەیاند.

ئەلێکساندەر ماکۆسین لە راگەیەندراوەکەیدا راشیگەیاندووە کە دەستیان کردووە بە هەڵگرتنەوەی دار و پەردوو لە شارەکەدا و کار دەکەن بۆ گەیاندنی خۆراک و پێداویستی پزیشکیی بۆ ئەو مەدەنییانەی کە لە شارەکەدا ماونەتەوە و جەختی لەوەشکردەوە کە بەهۆی مەترسیی مین تا ئێستا شارەکە بەتەواوەتی ئارام نەبووەتەوە.

رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.

AA