لیزا فەلەکەدین: دەوامنەکردنی وەزیری دارایی کێشەی بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکردووە

"ملیارێک و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی هیوا دیارنەماوە"

K24 - هەولێر

لیزا فەلەکەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، داهات لە پارێزگای سلێمانی قۆرخکراوە و دەشڵێت "دەوامنەکردنی وەزیری دارایی کێشەی بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکردووە"، ئاشکراشی دەکات لە بەدواداچوونەوەکانیاندا بۆ دەرکەوتووە ملیارێک و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی هیوا دیارنەماوە، کە پێشتر لە یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی بووە.

لیزا فەلەکەدین، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی گوت: "تائێستا داهاتی مانگی 3ی سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتی نەگەڕاوەتەوە، پێشتریش باسمان لەوە کردووە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە سەرەتایی ئەمساڵەوە بووەتە دیاردە داهاتی پارێزگا قورخ دەکرێت، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی داهاتی ناوخۆ دیار نییە، ئەو داهاتە پشکێکی گەورەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە مووچە هەیە پێی پڕ بکرێتەوە".

گوتیشی: "قەینا داهاتەی سلێمانی نەگەڕێندرێتەوە خەزێنەی گشتی، بەڵام بۆ مووچە و خزمەتگوزاری هاووڵاتییان و نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێت، وەک لیژنەی دارایی بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کردووە و داوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان کردووە، بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری دیارنەمانی سیولە لە بانکەکانی سلێمانی چییە؟، بەڵام بەداخەوە وەڵامیان نەبووە".

لیزا فەلەکەدین، راشیگەیاند: "ئێستا کێشەیەکی دیکە لە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دروستبووە، ئەویش دەوام نەکردنی وەزیری داراییە، ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە بۆ دابەشکردنی مووچە، وەزیری دارایی ئەگەر نیازی دەستلەکارکێشانەوەی هەیە پێویستە بێت روونکردنەوە بۆ لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران بدات، هەروەها روونکردنەوە لەبارەی دەوامنەکردنی بدات".

راشیگەیاند: "هۆکاری دەوامنەکردنی وەزیری دارایی ئەوەیە، کاتی خۆی بڕیاری گۆڕنکاری لە هەندێک پۆستی سلێمانی بکرێت، بۆ ئەوەی قوڕخکاری لە داهاتی سلێمانی نەکرێت، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بەوەشدا: "لە بەدواداچوونەکانماندا بۆم دەرکەوتووە، ئێستا نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی نەخۆش وەرناگرێت، چونکە هیچ پارەیەکیان نییە. لە کۆتا بەدواداچوونم لەسەر ئەو بابەتە بۆم دەرکەوتووەم کە ملیارێک و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی هیوا، لە یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی دیار نەماوە، بۆیە نەخۆشخانەی هیوا ناتوانێت پێداویستییەکانی دابین بکات".