به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌ت 7 ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنى ئاوى ماڵان  لە هەولێر تەرخانکرا

"لیژنەیەکى مەیدانیش لەئێستادا کارى لەسەر دەکات"
ئاوی خاوێن
ئاوی خاوێن

K24 - هه‌ولێر:

راگەیاندنى پارێزگاى هەولێر ئاشكرای ده‌كات، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی كوردستان، پتر لە 7 ملیار دینارى بۆ چارەسەرکردنى ئاوى ماڵان  لە هەولێر تەرخانکرد.

راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراویكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بەمەبەستی چارەسەرکردنى گرفتى ئاوى خواردنەوەى ماڵان و لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى "بەدیل و نوێ" لە هەولێر و دەوروبەرى لەوەرزى هاوینى ئەمساڵ، به‌ فەرمانى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی (7.654.596.86) حەفت ملیار و شەش سەد و پەنجاو چوار ملیۆن و پێنج سەد و نه‌وه‌ت و شەش هەزار و هەشتاو شەش دینار، درا.

پارێزگای هه‌ولێر روونیكرده‌وه‌، ئەم گوژمەى کە دیاریکراوە وەک پلانى کورتخایەن بۆ هاوینى ئەمساڵ خەرجدەکریت، بۆ پلانى درێژخایەن و چارەسەرکردنى گرفتى ئاوى ماڵان لە هەولێر و دەوروبەرى بۆ ماوەیەکى دوورمەودا، لەلایەن پارێزگا دیراسەیەکى هەمەلایەنە دارێژراوە و لیژنەیەکى مەیدانیش لەئێستادا کارى لەسەر دەکات.