ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی وکردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی وکردستان - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی نیسانی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیە تایبەت دەبێت بە چەند پرسێک کە گرنگترینیان خستنەڕووی پوختەی ئەنجامی بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە هەردوو کۆڕبەندی جیهانی بۆ وزە و ئەو کۆبوونەوانەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکاندا لە میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو ئەنجام دران.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕوسیا - ئۆکڕانیا.

ھەر لە کۆبوونەوکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (مشروع قانون الدعم الطاریء للأمن الغذائي والتنمیة) کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی و لە ھەمان کاتیشدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بابەتی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2022.

بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (76)ی 2020/10/7 کە تایبەتە بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەی (9) و (10) لە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان - عێراق.