کەشناسی وادەی کۆتاییهاتنی خۆڵبارینی راگەیاند

پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان
خۆڵبارین لە هەولێر - 7/4/2022
خۆڵبارین لە هەولێر - 7/4/2022

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، پێشبینیەكانی بۆ كەشوھەوای 48 كاتژمێری داھاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لە هەندێک کات و شوێن ئەگەری نمەباران هەیە لەگەڵ هەورەتریشقە لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری تۆز و خۆڵ لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.

لەبارەی كەشوھەوای سبەی كەشناسی پێشبینی دەكات، رۆژی شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێک پەڵە هەور، خێرایی با لەنێوان 5 – 15 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا،. مەوداوی بینین 8 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت.

ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وعێراقی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە زۆر لەو کەسانەی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە یان هەستیاریان هەیە بۆ چارەسەر گەیەندرانە نەخۆشخانەکان.