سێ ژن بە تۆمەتی سەماکردن لە گۆڕستان دەستگیرکران

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەیان داواکاری گشتی هاتە دەنگ
وێنەیەکی وەرگیراو لە گرتە ڤیدیۆکە
وێنەیەکی وەرگیراو لە گرتە ڤیدیۆکە

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی سەماکردنی سێ ژن لە گۆڕستانێکی شاری نیشابور لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، بە فەرمانی داواکاری گشتی دەستگیرکران.

موحەمەد حسێنی، داواکاری گشتی لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: " دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا سێ ژنی گەنج لە گۆڕستانی شەهیدان لە نیشاپور لە پارێزگای خوراسان-ڕاداویە سەما دەکەن، فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرکرا."

داواکاری گشتی گوتیشی: "ئەو کارە هەستی خێزانی شەهیدانی بریندار کردووە."

بە گوێرەی یاساکانی ئێران کە لە ساڵی 1979ـەوە لە شۆڕشی ئیسلامیەوە لە ئارادایە سەماکردن لە شوێنی گشتی لەنێوان دوو ژن و پیاودا قەدەغەیە، بەڵام یاساکان ئاماژە بەوە نادەن کە سەماکردنی نێوان دوو کەس لەهەمان رەگەز سنووردار بکرێت.

شارەزایانی یاسایی ئێرانی باس لەوە دەکەن، کە سەماکردن بە تەنها تاوان نییە و ناتوانرێت رێکاری یاسایی لەدژی ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە کارێکی وا دەکەن، بەڵام سەماکردن لە شوێنی گشتیدا یان لەسەر ئینتەرنێت بەشیوەیەك کە ئابڕوی گشتی بڕوشێنێت ئەوا دەکرێت رێکاری یاسایی لەدژی بگیرێتە بەر.

سەرچاوە: AFP