قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هه‌ریه‌ك وەزیری دەرەوە و كۆچبه‌رانی یۆنان کۆبووەوە

"كوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا"
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هه‌ریه‌ك وەزیری دەرەوە و كۆچبه‌رانی یۆنان کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هه‌ریه‌ك وەزیری دەرەوە و كۆچبه‌رانی یۆنان کۆبووەوە

K24 - هەولێر:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری دێلفی لە یۆنان لەگەڵ نیکۆس دێندیاس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، به‌یه‌كه‌وه‌ پرسی وزە و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و یۆنانیان تاووتوێ کرد.

لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، کە رۆژی شەمە 9ـی نیسانی 2022 بەڕێوەچوو، باس لە پرسی وزە و پێگەی کوردستان لە رووی نەوت و گازەوە کرا.

لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوەدا، کە کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا.

هەرلەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، راستە دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم کوردستاندایە، بەڵام حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و گاز ناکۆکن، بۆیە پێویستە سەرەتا کێشە یاساییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەبێ کێشە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسه‌ی سامانە سروشتییە بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هاندانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی کرا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە حکومەتی هەرێم کارئاسانی تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی بكات، کە دەیانەوێت لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان بکەن.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، وەزیری دەرەوەی یۆنان بەڵێنیدا بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی دەکات.

كۆبوونه‌وه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یۆنان
كۆبوونه‌وه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌ن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یۆنان

پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە عێراقییه‌كان لێکتێگەیشتنی زیاتریان هەبێت و بەردەوامیدان بە ناکۆکییەکان نەک تەنها پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوادەخات، بەڵکو سەقامگیری عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە.

لە  کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری دێلفی، سەبارەت بە کێشەی کۆچبەرانی کورد بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە نۆتیس میتراکی، وەزیری کۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری، سەرۆکی ئاژانسی فرۆنتێکسی یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانیی دەریایی کۆبووەوە.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە 9ی نیسانی 2022 بەڕێوەچوون، جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و داوایکرد بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوەکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە داهاتوودا کاری هاوبەش بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، کە بوونەتە هۆی رووتاندنەوە و تەنانەت کوشتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان.

لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنانی و یەکێتی ئەوروپا کرد ئاسانکاری زیاتر بکرێت لە پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی کوردستان و پرۆسەی سەفەری یاسایی ئاسانتر بکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان چیتر بیر لە رێگەی قاچاخ بۆ کۆچکردن نەکەنەوە.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سە‌رۆكایە‌تی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.