وەزارەتی شارەوانی: نزیكەی 300 ملیۆن دینار بۆ شاری سلێمانی تەرخان كرا

"بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی شەقامە ناوخۆییەكانی نێو شاری سلێمانی"
سلێمانی
سلێمانی

K24 - هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی 300 ملیۆن دینار لەسەر پلانی ساڵی 2022 درا بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی شەقامە ناوخۆییەكانی چەند گەڕەكێكی نێو شاری سلێمانی.

بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 299,977,500 دووسەد و نەوەد و نۆ ملیۆن و نۆسەد و حەفتا و حەفت هەزار و پێنجسەد دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی كاری نۆژەنكردنەوەی هەندێ شوێنی تێكچوو لە شەقامە سەرەكی و لاوەكییەكانی ناو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم گوژمەیە كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكانەی ناو شاری سلێمانی دەبێت و هەروەها ئاسانكاری هاتوچۆش بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست دەكات.