نەتەوەیەکگرتووەکان: دوو لەسەر سێی منداڵانی ئۆکرانیا ئاوارەبوون

K24 - ههولێر:
سندوقی ھاریکاری منداڵانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNICEF)، ئاشکرایکرد دوو لەسەر سێی منداڵانی ئۆکرانیا بەھۆی ئەو جەنگەی کە رووسیا دەستیپێکردووە ئاوارەبوون.
بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی دۆخی لە ناکاوی UNICEF، مانوێل فۆنتاین لە میانی گوتارێکیدا لە دوای سەردانێکی بۆ ئۆکرانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو شەڕەی کە لە 24ی شوباتەوە لە ئۆکرانیا بەردەوامە 142 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 229 منداڵیش برینداربوون.
فۆنتاین، ئاماژەی بەوە کرد، نیگەرانن كه دهبینن نیوەی ئەو 3.2 ملیۆن منداڵەی کە مەزەندە دەکرێت لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە، خۆراکی پێویستیان بەدەست ناکەوێت، جەختی لەوەش کردەوە، بەھۆی ھێرشەکانی سەر ژێرخانی شارەکان 1.4 ملیۆن کەس لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون.
فۆنتاین، روونیكردهوه، دۆخی ماریوپۆل و ھەرسۆن زۆر خراپترە و داخستنی خوێندنگاکان لە سەرانسەری وڵاتەکە کاریگەری لەسەر 5.7 ملیۆن قوتابی کردووە.
سیما باھۆوس، بەڕێوەبەری ئۆکرانیای یەکێتی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، بانگەشەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی زیادیکردووە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەی لەسەر ئەم بانگەشانە کرد.
ھاوکات نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لیندا تۆماس گرینفیڵد ئاشكرای كرد، 90%ی پەنابەرە ئۆکرانییەکان له ژن و منداڵانی کچ پێكهاتوون، باسی لهوهش كرد، بەپێی لێدوانی بەرپرسە خۆجێییەکان ھەندێک لە ژنان و منداڵانی کچی ئۆکرانی بۆ دەربازبوون لە دەستدرێژی سەربازەکانی رووسیا پرچیان کورت کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، جێگری نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، دیمیتری پۆلیانسکی، سەبارەت بەو بانگەشانە ئەوەی راگەیاند کە "چەند درۆیەکە" بۆ "نەھێشتنی ئیعتباری" ھێزەکانی رووسیا.
سهرچاوه: aa