"پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری 2022 ئاشكرا كران"

خەڵاتی باڵۆن دۆر
خەڵاتی باڵۆن دۆر

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی تا ئێستا هەریەکە لە کەریم بێنزێما و کیڤن دێ برۆین و کیلیان مباپێ و لیڤاندۆڤسکی و سادیۆ مانێ دیارترین پاڵێوراون بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری 2022 کە ساڵانە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بە باشترین یاریزانی جیهانی دەبەخشێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییەکانی وەرز رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی دیارترین پاڵێوراون بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین (بالۆن دۆر)ـی 2022 ئاشکرا دەکات کە ئەم خەڵاتە ساڵانە لە لایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ پێشکەش دەکرێت، دوایین ئەستێرەش کە ئەم خەڵاتەی بردەوە لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان بووە كه‌ به‌ باشترین یاریزانی ساڵی 2021 دیاریكرا.

لیکیپی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کردووە دیارترین ئەو ئەستێرانە تا ئێستا پاڵێوراوی سەرەکین بۆ بردنەوە خەڵاتی باڵۆن دۆری 2022 بریتین لە هەریەکە لە کەریم بێنزێما گۆڵکاری ریال مەدرید، کیڤن دێ برۆین ئەستێرەی مانچێستەر سیتی، کیلیان مباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمان، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی بایرن میونشن و سادیۆ مانێی هێرشبەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی.

چەند پێوەرێک بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر بەراورد بە ساڵانی رابردوو گۆڕانکاری تێدا کراوە و لە ماوەی رابردوو گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ رایگەیاند گۆڕانکاری کردووە و لە جاری داهاتوو بالۆن دۆر بە شێوازێکی نوێ دەبەخشرێت، بە تایبەت کە لەم ساڵدا جامی جیهانی 2022 بەڕێوەدەچت.

یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی فرانس فوتبۆڵ کردوویەتی دیاریکردنی باشترین یاریزانی جیهان بۆ بردنەوەی خەڵاتی بالۆن دۆر لەسەر بنەمای یەک وەرز دەبێت و وەکو پێشوو لەسەر بنەمای ساڵێک نابێت.

گۆڕانکاری دووەم ئەوەیە سەرجەم رۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییەکان بۆیان نابێت دەنگ بدەن بۆ دیاریکردنی باشترین یاریزان و تەنیا رۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتانە دەنگ دەدەن کە لە پۆلێنی فیفا لە 100 هەڵبژاردەکەی پێشەوەی ریزبەندین و تەنیا ئەوانە مافی دەنگدانیان دەبێت، هەروەها ئاستی تاک دەکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی یاریزانەکان ببنە خاوەنی خەڵاتەکە لەگەڵ بەدەستهێنانی ناسناوەکان.