ئۆكرانیا دانوستانه‌كان به سه‌خت ناوده‌بات و پوتنیش هه‌ڕه‌شه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تی ئۆكرانیا دانوستانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی رووسی بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی ئاشتیانه، به زۆر سه‌خت وه‌سف ده‌كات، له‌كاتێكدا پوتن جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، "ئه‌و دانوستانانه گه‌یشتوونه‌ته رێگه‌یه‌كی بنبه‌ست".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، میخایلۆ بۆدولیاك، راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی ئۆكرانیا له په‌یامێكدا بۆ میدیاكان گوتی: "دانوستانه‌كان زۆر سه‌ختن"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "لایه‌نی رووسی ده‌ست له شێوازه كلاسیكییه‌كانی هه‌ڵناگرێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا فشار له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دانوستانه‌كان دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی چه‌ند لێدوانێكی دیاریكراوه‌وه".
ئه‌م لێدوانه‌ی بۆدۆلیاك دوای ئه‌وه هاتوون، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاندووه، "دژیه‌كی هه‌ڵوێسته‌كانی ئۆكرانییه‌كان بووه‌ته هۆی سه‌ختی له دانوستانه‌كان" و دووپاتیكرده‌وه، "له‌و دانوستانانه‌دا گه‌یشتوونه‌ته رێگه‌یه‌كی به‌نبه‌ست"، هه‌روه‌ها پوتن به‌ڵێنی دا، ئه‌و كرده سه‌ربازییه‌كانی له ئۆكرانیا ناوه‌ستێنێت، تا ئامانجه دیاریكراوه‌كانی نه‌پێكێت.
به‌گوێره‌ی تۆڕی هه‌واڵی "سی ئێن ئێن"، پوتن ره‌خنه‌ی توندی له ده‌رهێنانی پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كان به رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا، سیڤاستۆبول و دۆنباسی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كان گرت و گوتی: "ئه‌مه مانای وایه جارێكی دیكه ئێمه گه‌ڕاینه‌وه بۆ دۆخێكی بنبه‌ست".
هه‌روه‌ك سه‌رۆكی رووسیا ئه‌و راپۆرتانه‌شی ره‌تكرده‌وه، كه له‌باره‌ی تاوانه‌كانی شارۆچكه‌ی بوچای ئۆكرانیا بڵاوده‌كرێنه‌وه و ئه‌و وێنه و ڤیدیۆیانه‌ی به "وه‌همی" وه‌سفكرد، كه له دیمه‌نه‌كانیاندا ته‌رمی سه‌دان كه‌س نیشان ده‌درێن، كه به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی جیهان، خه‌ڵكی سڤیلن و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رووسیاوه گوللـه‌باران كراون. هه‌روه‌ها پوتن ئه‌و راپۆرتانه‌ی به‌و زانیارییه هه‌واڵیانه به‌راورد كرد، كه له‌باره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی سووریا و به راپۆرتی "درۆ" وه‌سفی كردن.
هه‌روه‌ها گوتی: "كاتی خۆی ئه‌م گێچه‌ڵكارییه به سووریا ده‌كرا، كه ده‌یانگوت: چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌سه‌ده‌وه به‌كارهاتووه. دواتر ئاشكرابوو كه ئه‌مه ساخته بوو، هه‌مان ئه‌و ساخته‌كارییه بۆ بوچاش هه‌ڵبه‌ستراوه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ و تۆڕه میدیاییه جیهانییه‌كان جه‌خت له بوونی چه‌ندین گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌گوته‌ی خۆیان، خه‌ڵكی سڤیلن و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای رووسیاوه كۆمه‌ڵكوژ كراون. له‌و باره‌شه‌وه تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن" رایگه‌یاند، ئه‌و گه‌واهیده‌ره له‌سه‌ر بینینی به‌لایه‌نی كه‌م ته‌رمی 20 كه‌س له ته‌نها یه‌ك شه‌قامی بوچا، كه له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتبوون.
H.B