ئه‌م وه‌رزه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێـنه‌كرا ڕوویدا
له گه‌ڕی 29ـه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی هه‌ولێر تووشی شكست بوو بۆ یه‌كه‌مجار بۆ خولی پله‌یه‌كی كوردستان دابه‌زی، یانه‌كانی زاخۆ، شه‌قڵاوه و سۆرانیش به فه‌رمی مانه‌وه‌یان له خوله‌كه مسۆگه‌ر كرد.
سۆران ـ شه‌قڵاوه
ئه‌م دوویانه‌یه مه‌ترسی دابه‌زینیان بۆ خولی پله‌یه‌كی كوردستان له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام به یه‌كسان به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان له دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌كی كوردستان رزگاریان بوو.
یانه‌ی شه‌قڵاوه پێش ئه‌وه‌ی فیكه‌ی كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌م لێ بدرێت له رێگه‌ی ئه‌میر موحه‌ره‌م له خوله‌كی 43 گۆڵی پێشكه‌وتنیان تۆمار كرد.
دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م كۆڤان ئه‌سعه‌د له خوله‌كی 47 ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ یانه‌ی سۆران یه‌كسان كرده‌وه، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان ته‌واو بوو.
ده‌ربه‌ندیخان ـ سه‌یدسادق
یانه‌ی سه‌یدسادق له پێناو سه‌ركه‌وتنی بۆ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بووه میوانی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان.
له خوله‌كی 14 به‌ڵێن فایه‌ق ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی سه‌یدسادق به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوونی شكاند و گۆڵی یه‌كه‌می له یارییه‌كه‌ی تۆمار كرد.
پاشان دیار عه‌لی ناسراو به (حه‌مكه) له خوله‌كی 40 گۆڵی به‌رامبه‌ربوونی بۆ یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان تۆمار كرد، نیوه‌ی یه‌كه‌م به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
به درێژایی نیوه‌ی دووه‌میش هیچ گۆڕانكارییه‌ك له ئه‌نجامی یارییه‌كه رووینه‌دا، یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان ناونیشانی كۆتایی یارییه‌كه بوو.
چه‌مچه‌ماڵ ـ زاخۆ
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له نێو یاریگه و له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی زاخۆی كرد، یارییه‌كه له نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م رووداوه و خێرا و گه‌وره‌كه روویدا، كاتێك گه‌یلان لوقمان ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی زاخۆ له ماوه‌ی دوو خوله‌ك به دیاریكراوی له خوله‌كی 47 و 49 دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد و هه‌موولایه‌كی شۆك كرد، یارییه‌كه‌ش به‌م دوو گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی زاخۆ كۆتایی هات.
سیروانی نوێ ـ برایه‌تی
یانه‌ی برایه‌تی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی سیروانی نوێ گه‌شتی سلێمانی كرد و له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ سیروانی نوێ به‌یه‌ك گه‌یشتن، یانه‌ی برایه‌تی پێش ده‌ستپێكی یارییه‌كه ڕێڕه‌وی رێزلێنانی بۆ یاریزانانی یانه‌ی سیروانی نوێ دروست كرد كه ئه‌م وه‌رزه بوونه پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان.
له خوله‌كی 14 سه‌وپۆزشه‌كانی پایته‌خت له رێگه‌ی ئاكۆ عوزێر گۆڵی پێشكه‌وتنیان له دژی سیروانی نوێ تۆمار كرد.
دواتر له خوله‌كی 63ـی نیوه‌ی دووه‌م، سیروانی نوێ له رێگه‌ی دانا موسته‌فا ئه‌نجامه‌كه‌ی له دژی برایه‌تی هاوتا كرده‌وه، یارییه‌كه‌ش به گۆڵێ: بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
ئارارات ـ دهۆك
یانه‌ی ئارارات له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی دهۆكی كرد، له خوله‌كی 5 یانه‌ی دهۆك له رێگه‌ی ئه‌حمه‌د كه‌ریم به گۆڵێك پێشكه‌وت، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی دهۆك كۆتایی هات.
له نیوه‌ی دووه‌میش هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی گۆڕانكاری له ئه‌نجامی یارییه‌كه بكه‌ن و ئارارات له نێو یاریگه‌ی خۆی به گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر تووشی شكست بوو.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ـ شێروانه
ئه‌م دوو یانه‌یه ته‌نیا مانه‌وه‌یان له خوله‌كه مسۆگه‌ر كردووه و له پیرمام رووبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌وه، به درێژایی 90 خوله‌كی یارییه‌كه هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی تۆڕی گۆڵی یه‌كتر بهه‌ژێنن و یارییه‌كه به ئه‌نجامێكی سپی به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
هه‌ندرێن ـ هه‌ولێر
له دێربی پایته‌خت، یانه‌ی هه‌ندرێن میوانداریی هه‌ولێری كرد، یارییه‌كه له نێوه‌ی یه‌كه‌م به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌ڵام له خوله‌كی 72ـی نیوه‌ی دووه‌م موسعه‌ب هه‌ژار گۆڵی یه‌كه‌می هه‌ندرێنی له یارییه‌كه تۆمار كرد و یارییه‌كه‌ش به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندرێن كۆتایی هات، به‌مه‌ش یانه‌ی هه‌ولێر پێش كۆتایی هاتنی خوله‌كه به هه‌فته‌یه‌ك ماڵئاوایی له خولی نایابی كرد و بۆ خولی پله‌یه‌ك دابه‌زی.