43 كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیركران

"رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان گیراوه‌ته‌به‌ر و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌"
ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ سه‌رسنوور ده‌ستگیركران.. ئه‌رشیڤ
ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ سه‌رسنوور ده‌ستگیركران.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، 43 كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ خاكی عێراق.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق هاتووه‌، ئاژانسی هه‌واڵگری و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق توانیویانه‌ 43 كۆچبه‌ری وڵاتانی كیشوه‌ری ئاسیا ده‌ستگیر بكه‌ن، كه‌ به‌ نایاسایی له‌ رێگه‌ی وڵاتێكی دراوسێوه‌ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هاتوونه‌ته‌ خاكی عێراق.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، دوای ده‌ستگیركردنی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ نایاساییانه‌، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان گیراوه‌ته‌به‌ر به‌گوێره‌ی مادده‌ی 24ی یاسای نیشته‌جێبوونی عێراق و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌.