مه‌سرور  بارزانی لەبەردەم ئاڵنگاریی فرەجەمسەردا

Kurd24

هەموو هەنگاوێكی دیبلۆماسی، یان پرۆژەیەكی ستراتیجیی حوكوومەت، یان هەر پێشڤەچوونیكی دۆخی هەرێمی كوردستان، پڕكردنی شەپۆلی میدیایی و سۆشیاڵمیدیایی لێ دەكەوێتەوە و وەك بڵێی لەجێی هەنگاوی باش، پێچەوانەكەی كرابێت و هەمووشی بۆ سەر پارتییە. ئەوەی ئەگەر یەكێك خەڵكی ئەم وڵاتە نەبێت ڕەنگە باوەڕ نەكات ئەوەیە، زۆربەیان لەلایەن هاوبەشەكانی حكومەتەوەیە كە یەكێتی و گۆڕانە.

ئەوەی هێشتا حیزبەکانی ڕکەبەری پارتی تێی ناگەن، یان ڕاستترە بڵێین باش تێی دەگەن بەڵام نایانەوێت خۆیان بخەنە ژێر بارییەوە، بەهێزیی ماڵباتی بارزانییە لە بازنەکانی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت بڵێین، لە ڕیزی ئال سعوود (سعووديە)، ئال سەعید (عومان) ئال سانی (قەتەر) و هاشمی (ئوردن)، ماڵباتی بارزانی دێت، هەروەها ئال نهەیییان و ئال مەکتووم لە ئیمارات، ئال سەباح لە کوەیت و ئەوادی دیکە... بتەوێت یان نەتەوێت، سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست ئەم چەند ماڵباتەدایە و هەر وڵاتیک ماڵباتێکی ڕیشەدرێژی نەبووبێت، بەو دەردانە چووە کە بەهاری عەرەبی بەسەری هێنا. ئەم ڕاستییە وای کرد، نەوەک تەنیا یەکێتی کە حیزبێکی گوایە سۆشیاڵ دیموکرات بوو، تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕانیش هەوڵ بدات لە ڕوانگەی ماڵباتەوە خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەمە چەکێکی دوو سەرە، ئەگەر مێژوویەکی درێژت نەبێت، پێگەی جەماوەریت لەسەر ئەوە ڕانەهێنابێت، ناتوانیت بەڕێوەی ببەیت. وەک دەبینین، هیچیان نەیانتوانی بەڕێوەی ببەن، ئیدی خەریکی هێرشەكانیان دەبن بۆ سەر پارتی.

چاوەڕێ دەکرا یەکێتی لە ڕێی کورتکردنەوەی حیزبەکە بۆ ڕێبەرێتیی کوڕانی مام و لێسەندنی جومگەکانی هێز لە زڕئامۆزاکانیان، بتوانێت خۆی باشتر کۆ بکاتەوە. خۆکۆکردنەوەیەک کە لەپێشدا هەوڵ بدات جەماوەری خۆی ئاشت بکاتەوە، پاشان خەڵکی سڤیل لە سلێمانی و ناوچەکانی ژێر هەژموونی، کەچی پاش ئەوەی نەیتوانی هەم هاوڕێی پارتی و شەریکەبەش بێت و هەم دۆستی کادیرانی خۆی و هەم ڕێژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک بەرز بکاتەوە و ئیدارەی ئەم هەموو ڕازیکردنەی پێ نەکرا، پەنای بردە هەمان ئەو چەکەی ئامۆزاکەی کێرڤی خۆی پێ بەرز کردەوە، ئەویش هێرشی میدیایی و گوتاری زبر دژی پارتی، لە کاتێکدا یەکێک لەو دوو دەسەڵاتدارەی ماڵباتی مام، جێگری سەرۆکی حوکوومەتە کە ئەم بانێکە و دوو هەوایەش لە یەکێتیدا شتێکی نوێ نییە و مێژوو پێمان دەڵێت، لەوەتەی ئەو حیزبە هەیە، بەوە دەژی کە هاوپەیمانی دروست بکات و بیشکێنێت. ئەمەش تەنیا لەگەڵ پارتی نا، بەڵکوو هەموو حیزبەکانی کوردستان ئەو ئەزموونەیان لەگەڵیدا هەیە.

یەکێتی داهاتی ناخۆی سلێمانی لە بانکەکان دەردەهێنێت و مووچەی مووچەخۆران دوادەخات یان نایدات و بێمنەتیشە. یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەوڵەتدارییانە و تەکنۆقرات دەدوێت و بۆ جەماوەری خۆی بە زمانی شەڕی ناوخۆ دەنەڕێنێت. یەکێتی لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوتنێک بۆ لێدان لە بەرژەوەندیی پارتی واژوو دەکات. یەکێتی لەگەڵ پەکەکە لەو خاڵانەی کە دژایەتیی پارتییە، هاودەنگە. یەکێتی لە ژێرەوە لەگەڵ کۆمەڵ و شاسوار هاوپەیمانە... دەیان تاکتیکی دیکە بۆ دژایەتیی ستراتیجی پارتی و بۆشی دەچێتە سەر! بەڵێ بۆی دەچێتە سەر، چونکە لەپاش هەموو پەیمانشکاندنێک، بە سەری نەوییەوە دەچنەوە سەری بڵند و پارتیش لەگەڵیان ڕێک دەکەوێتەوە. ئایا پارتی وانە لە ڕابردوو وەرناگرێت، یان پارتی دەترسێت جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ دروست ببێت و دوو ئیدارەیی بێتەوە؟ یان تەنانەت سیاسەتی ئەمری واقیع دۆخەکە فەرز دەکات، ئەویش بریتییە هەژموونی دراوسێكی زلهێز؟ دراوسێكی زلهێزی هاوپەیمانی یەكێتی، لە مێژوویدا چەندان جار بەکەڵکی یەکێتی هاتووە، بەشێوەیەک تەنانەت کە سێیەمی نزیک لە چوارەمی دەنگی هەڵبژاردنیشیان هێناوە، سەرکۆماری عێراقیان دراوەتێ و وەک نزیکی دووەمێکی سەردەمی فیفتی بە فیفتی، لە حوکوومەتدا بەشدار بوون. ئێستە كە پارتی هەوڵ دەدات بەپێی ئیستیحقاقی خۆی لە هەڵبژاردن پۆستی سەركۆماری عێراق وەربگرێت، یەكێتی دنە دەدەن كە هەموو شەڵەژانێكی دۆخی ناوخۆیی دروست بكات، چونكە نایانەوێت ئەو پۆستە لەدەست ئاغاكانی دۆستیان بێتە دەر.

دەرهاویشتەکانی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هەلێکی باش بوو بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستان کە پێکەوە ببنە هێزێکی سەرتر لە پارتی و دۆخە نێودەوڵەتییەکەش وای نیشان دەدا کە ئیدی خۆری زلهێزیی پارتی ئاوا دەبێت. ئەم پێشبینییە هەڵەیە، خوێندنەوەی ئەوانە بوون کە ئەو هێزەی ماڵباتی بارزانی لەناو ماڵباتەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا تێ ناگەن، بۆیە ئێستەش شۆکی ئەوە بەری نەداون، چۆن پارتی توانی پاش شازدەی ئۆکتۆبەر، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو جاران یان ڕەنگە بڵێین بە هەنگاونانی زیاترەوە بنێت! هاتنی پاپا و سەرۆکی فڕەنسا بۆ کوردستان، پێشوازی لەسەر ئاستی باڵا و گفتوگۆ لەسەر بابەتی ستراتیجی لەگەڵ هەردوو ئامۆزاکە لە ماڵباتی بارزانی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حوکوومەت، تا دەگاتە ئەو پێشوازییە شاهانەیییەی ئەم دوایییەی بریتانیا لە سەرۆکوەزیران، ئیدی چی لەو نەیارانەی سیاسەتی پارتی دەکات، جگە لە هێرشكردنی میدیایی و دروستكردنی ئاشووب؟

پەکەکە لە چیاکانی هەرێمی کوردستاندا، ژیانی گوندنشینانی هەراسان کردووە و لەولاوە تورکیاش کەوتووەتە هەڕەشە و دەرفەتی بۆ ڕەخساوە سنووری خاکی هەرێم ببەزێنێت، وا دیارە ئەم جارە ئۆپراسیۆنێکی گەورەترە لە هەر جارێکی دیکە، بۆیە حیزبەکەی ئۆجەلان جگە بەگەڕخستنی میدیا و هەندێک لۆبیی نەزۆك، هیچی دیکەی بۆ نەماوەتەوە.

کۆمەڵی دادگەری، ئەو شەڕەی بە پارتی دەفرۆشێت، بەشێکیان هێشتا قۆستنەوەی هەلی کۆکردنەوەی دەنگی دیکەی یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانە، ئینجا دژایەتیی پارتی کە ڕازی نەبوو بیخاتە حوکوومەتەکەیەوە، بۆیە تەنیا ئەوان جنێو و هەرچی بهاوێژن، دەچێتە چوارچێوەی ڕکەبەریی هەڵبژاردنەوە. ڕاستییەکەی کۆمەڵی دادگەری کە حیزبێکی ئیسلامییە و دەبوو پەروەردەی ئەندامانی لەم ڕکەبەرییە سیاسییەدا، مۆڕاڵیان بپاراستایە، لە هەموو حیزبەکانی دیکە نزمتر شەڕ دەکەن. بۆنی سەردەمانی دەنگزۆریی گۆڕانی لێ دێت.

وەک نووسەر و ڕاگەیاندکارێکیش کە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتێکی ئەم کابینەیەم لەئەستۆیە و وای کردووە بە چاوێکی وردترەوە ئاگام لە هەنگاوە چاکسازییەکانی کابینەکە و دیدگەی ڕێزدار کاک مه‌سرور  بارزانی بێت، دەزانم بەشێکی ئەو هێرشانەی دەخرێنە سەر حوکوومەتەوە، بۆ ئەو هەنگاوە ئەرێیییانە دەگەڕێتەوە کە هەوڵی گەیاندنی خزمەتگوازرییە بە هەموو هاووڵاتییەک، دروستکردنی ئابوورییەکی فرەسەرچاوە کە چیتر پشت بە بەغدا نەبەستین، هەروەها دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکان و ڕەخساندنی هەل بۆ دەستی کاری ناوخۆیی و کۆمپانیای ناوخۆیی کە هەموو ئەمانە ئەگەر هەنگاوی زیاتر بنێن، حیزبەکانی دیکە لەجێی ئەوەی بە دەستکەوتی نیشتمانی لەقەڵەمی بنێن، بە مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان تەماشای دەکەن، بۆیە هەوڵ دەدەن تەمێکی میدیایی و شەپۆلێکی ناڕەزایی کۆن بخەنە ئەستۆی ئەم کابینەیە و لەنگەر لەبەردەم دەستکەوتەکاندا دروست بکەن.

ئەو ئاسۆیەی لێمان دیارە، ڕوونترە لەوەی بەری بە بێژنگ بگیرێت، بۆیە وا چاوەڕێ دەكەین، هەنگاوەكانی بۆ داهاتوویەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان دەدرێن، هەموویان یان زۆربەیان بگەنە مەبەست.