حه‌یده‌ر شه‌شۆ: چه‌ند لایه‌نێك له‌ناو حكومه‌تی عێراق یارمه‌تی په‌كه‌كه‌ ده‌ده‌ن

"حکومەتی عێراق لەلایەك یارمەتی پەکەکە دەدات و لەلایەکی دیکەش رێگە بە تورکیا دەدات ئۆپەراسیۆن بکات"
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان

K24 - هه‌ولێر:

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان راگەیاند، پەکەکە پلانی وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەکات و حکومەتی عێراقیش لەلایەک یارمەتی پەکەکە دەدات و لەلایەکی دیکەش رێگە بە تورکیا دەدات ئۆپەراسیۆن بکات.

حەیدەر شەشۆ، بۆ کوردستان24 ئاشكرای كرد، ئەوان داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال دەکەن و ئەوەش ئەرکی حکومەتی عێراقە، بەڵام حکومەت لەلایەک پشتگیری پەکەکە دەکات و دەرفەتیان پێدەدات و لەلایەکی دیکەشەوە رێگە بە تورکیا دەدات ئۆپەراسیۆن لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بکات.

گوتیشی: پەکەکە هەرگیز ئامانجی ئارامی نییە و لە هەر شوێنێک بێت ئامانجی دروستکردنی نا ئارامییە و نایەوێت لەو شوێنەی لێیەتی خەڵکی بحەسێتەوە، بەڵکو پلانی وڵاتانی هەرێمی جێبەجێ دەکات، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی ناوچەکە نییە.