كۆنفیدراڵی چییه و چۆن كار ده‌كات؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
به‌هۆی ئه‌وه‌ی حوكمڕانی له عێراق سیستمێكی فیدراڵییه كه‌واته (دادگای فیدراڵی) به‌رزترن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه و ده‌توانێت هه‌موو بڕیارێكی هه‌رێمه‌كان په‌كبخات، ئه‌مه له‌كاتێكدایه قسه له‌سه‌ر ئاینده‌ی گازی سرووشتی بۆ ئه‌وروپا ده‌كرێت، وه‌ك جێگره‌وه‌ی گازی رووسیا، هه‌رچه‌نده ئه‌و بڕه‌ی له كوردستان به‌رهه‌م دێت رێژه‌یه‌كی ئێجگار كه‌مه له گازی سرووشتی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له ئایینده‌دا رێگری له‌م بیرۆكه‌یه نه‌بێت، پێویسته سیستمی حوكمڕنی كۆنفیدراڵی بێت.
ئاژانسی رۆیته‌رز له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، كه مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا قسه‌یان له‌سه‌ر به‌شداری كوردستان كردووه بۆ ناردنی گازی سرووشتی بۆ ئه‌وروپا (له ئایینده) وه‌ك جێگره‌وه‌ی گازی سرووشتی رووسیا، به‌ڵام ده‌شێت ئه‌گه‌رێكی دیكه‌ش هه‌بووبێت له گفتوگۆكاندا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتی بۆ ئه‌وروپا كێشه‌ی یاسایی بۆ دروست نه‌بێت له رێگه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌وه، ئه‌وا پێویسته كوردستان ده‌ستكراوه بێت، بۆ ئه‌وه‌ش تاكه چاره‌سه‌ر له ئایینده‌دا سیستمی كۆنفیدراڵییه، چونكه له‌م سیستمه‌دا ئابووری حكومه‌ته‌كان سه‌ربه‌خۆن، ئه‌وه‌ی كه حكومه‌ته‌كان، كیانه‌كان یان ده‌وڵه‌ته‌كان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ته‌نیا دراو و كاروباری ده‌ره‌وه و به‌رگری-یه و پشت به‌ستن به ده‌ستوورێكی هاوبه‌ش ده‌به‌ستێت.
كه‌واته قسه‌كردن ده‌رباره‌ی كۆنفیدراڵی بۆ عێراق ئه‌گه‌رێكی كراوه بووه له‌نێو قسه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، چونكه له وتاره‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك ئه‌كادیمیانی ئینستیتوی چاتام هاوس-ی به‌ریتانی به ئاشكرا، گوتی: "جێبه‌جێكردنی سیستمی كۆنفیدراڵی له عێراق هێزی زیاتر ده‌به‌خشێت به پێكهاته‌كان".
پرۆفیسۆر مارك جۆهانسن مامۆستای زانستی سیاسه‌ت له زانكۆی مینیسۆتا پێیوایه ئه‌م مۆدێله‌ی حوكمڕانی له عێراق به كه‌ڵكی پێكه‌وه‌ژانی نێوان (سوننه و شیعه و كورد) نه‌ماوه، چونكه نه شیعه باوه‌ڕی به كورد هه‌یه، نه شیعه باوه‌ڕی به سووننه هه‌یه، نه سوننه باوه‌ڕی به كورد و شیعه هه‌یه، نه‌ك كورد باوه‌ڕی به هیچیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت شیعه و سوننه له‌نێو خۆشیاندا باوه‌ڕیان به یه‌كتر نه‌ماوه، ئه‌و به كوردستان24ی وت: "له بنه‌ڕه‌تدا بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر سیستمی فیدراڵی له دوای 2004 هه‌ڵه بوو، من كاتی خۆیشی تێبینیم له‌سه‌ری هه‌بوو".
گوتیشی: "له وتارێكدا له رۆژنامه‌ی دیترۆیت ئاماژه‌م پێدا كه له ساڵی 1964ـه‌وه سوننه، شیعه و كورد ده‌چه‌وسێنێته‌وه، ئێستا چۆن دوای ئه‌و هه‌موو پاكتاوكردنه، پێكه‌وه‌یی له‌نێوان ئه‌م سێ پێكهاته دروستده‌بێته‌وه، بۆیه ئه‌مه زۆر زه‌حمه‌ته، جا بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عێراق به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه و هه‌ر سێ كیانه‌كه سه‌ربه‌خۆ بێت، ئه‌وا سێ سته‌یت یان كیانی سه‌ربه‌خۆ له‌شێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا له یه‌ك ده‌وڵه‌ت و له‌سایه‌ی یه‌ك په‌یمانی هاوبه‌شدا ده‌توانن پێكه‌وه بن، كه كه‌سیان ناتوانن مافی ئه‌وی دیكه‌یان پێشێل بكات".
قسه‌كانی جۆهانسن راستییه‌كی ته‌واوی تێدایه، ئه‌وه‌تا دوای حه‌وت مانگ له هه‌ڵبژاردن، هه‌ر سێ پێكهاته‌كه نه‌یانتوانیوه حكومه‌تێك بۆ عێراق دامه‌زرێنن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌یان مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵواسراو له‌نێو به‌غدا-ی مه‌ركه‌ز و هه‌ولێر-ی هه‌رێمدا هه‌یه له‌نێو ئه‌وانه‌شدا مه‌سه‌له‌ی وزه، كه دوور نییه له ئایینده‌دا ده‌وڵه‌تانی نێو په‌یمانی ناتۆ بیانه‌وێت كه‌ڵك له وزه‌ی كوردستان وه‌رگرن، له نێو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌شدا توركیا، چونكه توركیا یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه پشت به گازی سروشتی رووسیا ده‌به‌ستێت.
جۆهانسن گوتی: "له ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رگیز چاره‌سه‌ر نابێت و هه‌میشه به هه‌ڵواسراوی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له كۆنفیدراڵیدا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆیه‌تی و مه‌ركه‌ز ناتوانێت ده‌ستبخاته ناو كاروباری ده‌وڵه‌ته‌كانی كۆنفیدراڵه‌وه، له هه‌ر ئانوساتێكدا كیانی ناو ده‌وڵه‌تی كۆنفیدراڵی ئاره‌زوومه‌ند نه‌بوو له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و یه‌كێتییه كۆنفیدراڵییه‌دا بژی، دێته ده‌ره‌وه له ده‌وڵه‌ته‌كه، باشترین نموونه‌ش هاتنه ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، چونكه یه‌كێتی ئه‌وروپا جوانترین نموونه‌ی كۆنفیدراڵییه".
له سیستمی كۆنفیدراڵیدا، ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كه خاوه‌نی سه‌رۆكێك یان كۆمیسیارێكی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆیه، جا ئه‌م ده‌سته‌یه یان یه‌كێتییه ده‌توانن وه‌ك كۆمكاری هاوبه‌شی ده‌وڵه‌ت حیسابی بۆ بكرێت، ئه‌ندامه‌كانی رای ده‌وڵه‌ت و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت نیشانده‌ده‌ن و بڕیاره‌كان به كۆده‌نگی ده‌بێت، هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی ناو كۆنفیدراڵیش مافی پراكتیزه‌كردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی هه‌یه، وێڕای ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگ و ئاشتی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه.
ئێستا جگه له عێراق، دوو شوێنی دیكه هه‌ن، كه نه‌ته‌وه‌كانیان ناتوانن پێكه‌وه بژین، به‌شی زۆری قسه‌كردنی چاودێرانی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه پێویستیان به سیستمی كۆنفیدراڵییه كه ئه‌وانیش (به‌لجیكا و فه‌له‌ستین)ـه.
به‌لجیكا وه‌ك عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه له سێ نه‌ته‌وه‌ی جیا پێكدێت، كه حوكمی سێ هه‌رێمی جیا ده‌كه‌ن ئه‌وانیش: (فلیمینگ كه 60%ی به‌لجیكا پێكده‌هێنن و بنه‌چه‌یان ئه‌ڵمانییه و به ئه‌ڵمانی قسه‌ده‌كه‌ن، دووه‌میان، ئه‌لوالون كه نزیكن له فه‌ره‌نسا و به زمانێك قسه‌ده‌كه‌ن نزیكه له فه‌ره‌نسییه‌وه، به‌حوكمی ده‌ستێوه‌ردانی مێژوویی فه‌ره‌نسا له كاروباری به‌لجیكا، ئه‌وا ئه‌مانه حوكمی وڵاته‌كه ده‌كه‌ن، هه‌رچی نه‌ته‌وه‌ی سێیه‌مه كه كه‌مینه‌ن و پێیان ده‌گوترێت جه‌رمه‌نه‌كان، ئه‌مانه بنه‌چه‌یان ئه‌ڵمانییه و به ئه‌ڵمانی قسه ده‌كه‌ن)، چه‌ندین ساڵه به‌لجیكاییه‌كان كێشه‌یان هه‌یه، ئێستا به ئاشكرا ئه‌م سێ نه‌ته‌وه‌یه له به‌لجیكا ده‌یانه‌وێت له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كۆنفیدراڵیدا بژین.
هه‌رچی فه‌له‌ستینه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، كه دوو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی كۆنفیدراڵی فه‌له‌ستیندا بن، هه‌رچه‌نده ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ئه‌م بۆچوونه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام چاودێرانی سیاسی به باشترین جێگره‌وه‌ی ده‌زانن بۆ فه‌له‌ستین.