له‌باره‌ی بارانبارینه‌وه‌ كه‌شناسی هۆشداریدا

"له‌و شاره‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆرترین باران باریووه‌"
رێژه‌ی بارانبارین له‌ماوه‌ی 12 كاتژمێری رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌
رێژه‌ی بارانبارین له‌ماوه‌ی 12 كاتژمێری رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

‎گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشكرای ده‌كات، كاریگەری شەپۆلی بارانبارینی ئەم چەند رۆژە لە هەرێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

‎دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دوا بەدوای گۆڕانی كەشوهەوا لە چەند كاژمێری رابردوودا، بووە هۆی نزمبوونەوەی  پلەكانی گەرما و بەدوای خۆیدا شەپۆلێكی بارانبارینی بە لێزمە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ راشیگه‌یاند، "بەگوێره‌ی پێشبینیەكانمان لە كەشناسی هەرێم سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پێدەچێت ئەو شەپۆلەی بارانبارین ئەمشەو تا درەنگان بەشێوەی پچڕ پچڕ و هەندێك جاریش لێزمە بارانی بەخووڕ كە رەنگە تا رادەیەك ئاستی ئاو لە هەندێك گەڕەك و شەقامەكان بەرزبێتەوە، به‌رده‌وام بێت، بەڵام بەشێوەیەك مەترسیی لافاوی گەورە و زیانی گەورەی لێ به‌دی ناكرێت.

‎دیلان ره‌شاد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كاریگەری بارانبارین رەنگە تا رۆژی هەینی بەردەوامی هەبێت. هۆشداریشیدا، له‌ هەندێك ناوچەی سنووری  پارێزگای سلێمانی بارانبارین و هه‌وره‌تریشقه‌ به‌رده‌وام بێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا، لەناو شاری هەولێر 20.6  ملم، لە ناحیەی شەمامک 15.1 ملم، لە پیرمام 9.4 ملم و لە هەڵەبجە 7.8 ملم باران باریووه‌.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، لە ناو شاری سلێمانی لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا 5.4 ملم، لە سۆران 5.4 ملم و لە دەڤەی راپەڕین بەتایبەت لە ناحیەی هەڵشۆ 4.8 ملم باران باریووە.