بەشی کوردی دەنگی ئەمه‌ریکا دوای 30 ساڵ

K24 – واشنتن، ئه‌مه‌ریكا:
ئێستا دامەزراوەی ده‌نگی ئەمه‌ریکا، له رێگای ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه به 25 زمانی جیاواز، هەروەها لە رێگه‌ی رادیۆوه به 47 زمان به‌رنامه و هه‌واڵ و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگ بڵاوده‌كاته‌وه. بەشی كوردی ئەم دامەزراوەیە، له (25ی نیسان/ ئه‌پرێلی 1992)، دوای شەڕی کەنداو و بایەخپێدانی واشنتن بە رۆڵی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا.
لە دەستپێكدا ئەو رادیۆیە، بە 5 كارمەندوە دەستی بە وەشان کرد، ماوەی بڵاوبوونەوەی بەرنامەکانی 15 خولەك بوو، دوای 2 مانگ ژمارەی كارمەنده‌كانی بووه‌تە (9) کەس، ماوەی بەرنامەكانی بووەتە 30 خولەك. لە مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵ، ماوەی بەرنامەكانی بووه‌تە یه‌ك كاتژمێر و ژماره‌ی کارمەندەکانیش زیادی كردووه بۆ 11 کەس.
لە مانگی كانوونی دووه‌م/ جێنیوه‌ری 2003، بەر لە قۆناغی دووهەمی شەڕی كەنداو و پرۆسەی رزگاركردنی عێراق، بەرنامەكانی ئەم رادیۆیە بووه‌ته 4 كاتژمێر، ماڵپەڕی دەنگی ئەمه‌ریکاش وەکو رادیۆکە بە هەر دوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی دەستی بەکارکرد. لە هەمان ساڵدا ژمارەی كارمەندەکانی بووه‌تە 22 کەس. لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا، کارمەندەکانی بوونەتە 27 كه‌س. ساڵی 2015یش ژمارەی كارمەندەکانی گەیشتە 31 کەس و تۆڕی پەیامنێرانیشی فراوانتر کردووە.
رادیۆی کوردی دەنگی ئەمه‌ریکا، لە 23ی نیسانی 2012 لە رێگه‌ی تەلەڤزیۆنەوە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان. شارەزا و چاوەدێران سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی ئەم دامەزراوە میدیاییە بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
جەنگ ساگنیک، خەڵکی باکووری کوردستان، لێکۆڵەر لە واشنتن، پێیوایە دەبێ دەنگی ئەمه‌ریکا لە کارەکانیدا سەربەخۆ و بێلایەن بێت و گوتیشی: "گرنگی سەرەکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەوەدایە، کە یەکەم پلانی دەوڵەتی ئەمەریکایە بۆ سیاسەت، کو‌لتوور و زمانی کوردی. دەکرێت بڵێین دانانی بەشی کوردی لەم دەزگا گرنگەی دەوڵەتی فیدراڵ‌دا، یەکێک لە دیاردەکانی ناسینی نەتەوەی کورد و زمانی کوردی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەلایەن دەوڵەتی ئەمه‌ریکاوە دامه‌زراوه‌كه دەتوانێ ببێتە دەروازەی ناساندنی زمانی کوردی و تێکۆشانی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردستان لە خۆرئاوا. بۆیە زۆر پێویستە، رۆژنامەوانانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، هەروەها بەڕێوبەرانی پەیوەندیدار بەم دامەزراوەیە، ئازادی و بێلایەنی ئەم دەزگایە بپارێزن.
جەنگ ساگنیک روونیكرده‌وه، نابێ رێگه بدرێت ناکۆکییەکانی نێو سیاسەتی وڵات، کاریگەری لەسەری هەبێ، لە مێژووی هەر میللەتێکدا دەزگای نیشتمانی و پارێزراو هەن، کە پلە و نرخەکەیان بە سیاسەتی رۆژانە ناگۆڕدرێن. دەبێت هەر دەزگایەکی وەکو بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بە هەمان شێوە بە قازانجی نەتەوەکەمان کار بکات، تا هەمووان وەکو ناوەندێکی نەتەوەیی سەیری بکەن.
جەلیل ئازادیخواز، نووسەرو ئەدیب، دیدێکی رەخنەگرانەی هەیە و باوەڕی وایە ئەم دەزگا کوردی- ئەمه‌ریکییه سەرکەتوو نەبووە و گوتی: ''ئەگەر بخوازم كورت و راشكاوانە دەربارەی رادیۆی كوردی دەنگی ئەمه‌ریكا بدوێم و رایەكی روون بڵێم، دەبێ بڵێم، رادیۆ لە ئاستەکانی زمان، هەواڵ، شرۆڤە، گوێزانەوە و چلۆنایەتی رەفتاری پسپۆڕانە و پیشەییەوە، یەكجار لاوازە.
گوتیشی: كادری بە توانای زمان‌زان و پسپۆڕ و خاوەن ئیتیكی رۆژنامەوانی بێلایانەنەی یەكجار كەمە، مێژووی ئەم دەزگایە خۆی باشترین بەڵگەیە، كە نەیتوانیووە لەو رووبەرانەدا سەركەوتنێكی رێژەیش بەدەست بێنێ. زمان و ئاستی بەكارهێنانی لە رادەی دەزگایەكی میدیای گرنگی نێونەتەوەیدا نییە. بابەت و باس و پڕۆژەكانیشی لە سەر ئاستی مێژوو، كولتوور، جیهانی سیاسەت، وێژە و بابەتە كۆمەڵایەتییەكانی كورددا نییە و ناتوانین وەك دەزگایەكی سەركەوتوو سەیری بکەین.
جەلیل ئازادیخواز ده‌ڵێت: رەنگە ئەم دەزگایە له پڕۆژە و ئەجندا و بەڕێوەبەری نوێ‌دا، كە لەگەڵ ئاستی ئێستای كۆمەڵگای كوردستاندا بێت، بتوانێ گەشە و نەشئەیەك بەخۆیەوە ببینێ. لە راستیدا ئەو دەزگا میدیایانەی دەوڵەتی ئەمریكا، کە وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەیان دەبات، لە هەردوو بەشی كوردی و فارسی‌دا، لە ناسەركەوتووترین دەزگا و میدیاكانی ئەمه‌ریکان.
چیمەن زێباری، خەڵکی باشووری کوردستان و چالاکڤان، لەسەر ئەو باوەڕەیە بەشی کوردی دەنگی ئەمه‌ریکا گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەیە و بۆ ئەوەی ببێتە میدیایەکی شێلگر، دەبێ گۆڕانکاری ریشەیی بکات.
گوتیشی: هیوادارم لە تەمەنی نوێیدا، بتوانێت بە گۆڕانکاری ریشەیی و پابەند بوون بە بنەمای ئازادی و دیموکراسی کە ژێرخانی سیاسەتی ئەمه‌ریکان، خەباتێکی سەرکەتوو بەرێوە ببات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەو رۆژەدا بە پێویست دەزانم بۆ باشتربوونی ئاستی پرۆفێشنالی دەنگی ئەمه‌ریکا چەند رەخنەیەک ده‌ستنیشان بكه‌م، کە سەرەکیترینیان دانانی کەسی نەشیاو لەم کەنالەیە. بەداخەوە کەسانێک کە لە ئاستی ئەم کەناڵەدا نین، بوونەتە هۆکاری دابەزینی ئاستی پرۆفێشناڵ و خەباتی ئەم کەناڵە.
چیمەن زێباری ده‌ڵێت: پێموایە کارمەندە زیرەک و شیاوەکانی ئەم دەزگایە بوونەتە قوربانی چەند کەسێک، کە بۆ کارکردن لە دەنگی ئەمه‌ریکا گونجاو نین. بە کورتی و بە کوردی، تەڕ و وشک تێکەڵ بووە. باوەڕم وایە تا کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانەنرێت، دەنگی ئەمه‌ریکا ناتوانێ ببێتە دەنگێکی بەهێز.
راشیگه‌یاند، بەداخەوە رۆژ بە رۆژ ئاستی نزمتر دەبێت، میدیایەک بینەر و گوێگری نەبێت، مردووە و تەنیا بە ناو بوونی دەمێنێ. بۆیە پێویستە هەرچی زووتر هەوڵ بۆ گۆڕانکاری لەم میدیایەدا بدرێت. هیوادارم رەخنەکان ببنە هۆکاری کاری باش و گۆڕانکاری باش.
جانا دەمیجەر، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، قوتابی لە زانکۆی جۆرج مەیسەن، پێیوایە دەنگی ئەمه‌ریکا دەبێت پتر بایەخ بە لاوان بدات گوتی: ''30 ساڵ بەر لە ئێستا، لە رووداوێکی مێژوویی‌دا بەشی کوردی دەنگی ئەمه‌ریکا، بۆ خزمەتکردنی هەر چوار بەشی کوردستان، لە شاری شوێندانەری واشنتن دەستی بە وەشان کرد. بۆ نەتەوەی کوردی دابەشکراو هەبوونی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا، پڕ بایەخ بوو".
گوتیشی: هەرچەندە ئەو کات بە ستافێکی کەمەوە دەست بە تێکۆشان کراوە، بەڵام هەنووکە کاری ئەو دامەزراوەیە بە هەواڵنێران لە شارەکانی کوردستانەوە بەربڵاوترە. ئەو کاتەی بۆ کاری خۆبەخشانە پێمدەنایە نێو بینای دەنگی ئەمه‌ریکا، پتر هەستم بە رەسەنایەتی کوردبوونی خۆم دەکرد، کە لەگەڵ خەڵکی هەر چوار بەشی کوردستان قسەم دەکرد. پێم وایە بۆ داهاتوو کار و ئەرکی پتریان لەپێشە، دەبێ لاوان پتر سەرنجیان بخرێتەسەر؛ ئەمەش بە گرینگی‌دان بە لاوانی دەرەوەی وڵات و گرێدانەوەیان بە رووداوەکانی وڵاتەوە بەدیدێت.'
ده‌نگی ئەمه‌ریکا ساڵی 1942 دامه‌زراوه و بنكه‌ی سه‌ره‌كی له واشنتنه، به‌رنامه‌كانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئەمه‌ریکایه و بوجه‌ی ساڵانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئەمه‌ریکاوه دابین ده‌كرێ، كه له ئێستادا ساڵانه بڕی پتر له 252 میلیۆن دۆلاره. نزیكه‌ی 1300 كارمه‌ندی هه‌یه و له سه‌رانسه‌ری جیهاندا پتر لە 311 میلیۆن بینه‌ر، بیسه‌ر و خوێنه‌ری هه‌یه.
له به‌ره‌به‌ری شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا، رادیۆ ده‌نگی ئەمه‌ریکا رۆژانه بۆ ماوه‌ی 15 خوله‌ك به‌رنامه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه. پاشان له ساڵی 1947دا، رادیۆ ده‌ستی به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و به‌رنامه به زمانی رووسی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیزم پێوه‌ندی بگرن. به‌شی توركی ساڵی 1948 ده‌ستی به‌كاركردووه. عه‌ره‌بی ساڵی 1950، به‌شی فارسی ساڵی 1979 دەستیان به په‌خش کردووە.
ده‌نگی ئەمه‌ریکا له ساڵی 1942 تا 1945 له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌ڕدا بووه. له 1945 بۆ 1953 له ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا بووه. ساڵی 1953 تا 1999 له ژێر دەستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاژانسی زانیاری ئەمه‌ریکادا كاریكردووه. پاش ساڵی 1999 تا ئێستا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی فیدراڵه، كه به (BBG) ناسراوه.
لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، جیا لە خەڵکی بیانی، 4 کورد سەرۆکایەتی بەشی کوردیان کردووە، کە 2 کەسیان ژن و 2یان پیاو بوون. كه سێ کەسیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، ئێستا سەرۆکی بەشی کوردی دەنگی ئەمه‌ریکا موعتبەر شێروانی-یه، كه خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە.