"خواستی ئه‌مه‌ریكا مانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه به‌ئارامی"
K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵای دیپلۆماسیی و سه‌ربازی ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه و تێیدا گفتوگۆی ورد له‌باره‌ی جموجۆڵ و په‌لاماره‌كانى داعش له عێراق و سووريا، كرا.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ له شاندێكى باڵاى ديپلۆماسى و سه‌ربازيى ئه‌مه‌ريكا، به سه‌رۆكايه‌تى ده‌ينا سترۆڵ، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شاندی یاوه‌ریدا، كۆبووه‌وه.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه راشیگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مه‌ترسییه‌كانی داعش، رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق، پشتگیری و هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، دۆخی سیاسی و سه‌ربازی عێراق و هه‌رێم و ناوچه‌كه، گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه روونیكرده‌وه، سترۆل، سڵاوی ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكای به وەزارەتی پێشمەرگە و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه گه‌یاند، ستایشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه كرد.
ده‌ینا سترۆل، پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ ریفۆرمی سه‌ربازی و بونیاتنانی هێزێكی تۆكمه‌ی سه‌ربازیی سه‌رده‌میانە، بۆ پێشمه‌رگه دووپاتكرده‌وه و رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و هاوبه‌شه‌كانمان له عێراق، به‌رده‌وام ده‌بین، خواستی ئه‌مه‌ریكا مانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه به‌ئارامی و له‌ناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستانه".
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌پێناو پڕکردنەوەی بۆشایی ئه‌منی و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه، پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولا، به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بوو.
شاندی ئه‌مه‌ریكا پێكهاتبوون له ماتيو توله‌ر، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق، ماتيو ترۆلينگه‌ر، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى سياسى و سه‌ربازى له هێزه هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌ریه‌ك له ژه‌نه‌ڕاڵ فلیپس و كۆڵۆنێڵ دۆگڵاس، له‌ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری ئاسایشی ئه‌مریكا له عێراق.