عێراق قه‌رزه‌كانی كاره‌با ده‌داته‌وه‌ ئێران

"به‌غدا و تاران رێكه‌وتن"
تاوه‌ری گواستنه‌وه‌ی ته‌زووی كاره‌با
تاوه‌ری گواستنه‌وه‌ی ته‌زووی كاره‌با

K24- هه‌ولێر:

وەزیری کارەبای عێراق، ئاشكرای ده‌كات لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دووبارە هاوردەکردنی گازی سرووشتیی لە ئێرانەوە بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌ مه‌به‌ستی کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دانەوەی قەرزەکان.

عادل کەریم، وه‌زیری كاره‌بای عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگه‌یاند، "لە میانی سەردانەکەماندا بۆ تاران لەگەڵ لایەنی ئێرانی رێککەوتین لەسەر دووبارە هاوردەکردنی گازی سرووشتیی لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە وەرزی هاویندا، ئەوان پابەندن بە دابینکردنی گازی سرووشتیی بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا و کارپێکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا".

وەزیری کارەبای عێراق گوتیشی: "بەغدا قەرزاری تارانە و هەردوولا گەیشتینە رێککەوتن بۆ پێدانەوەی شایستە داراییەکانی ئێران، و ئەوانیش رەچاوی دۆخی عێراق دەکەن و بڕیاریان داوە كە لە هەردوو وەرزی هاوین و زستانی داهاتوودا بڕی پێویست لە كارەبا و گازو سرووشتییمان بۆ دابین بكەن".‌‌

رۆژی چوارشەممەی رابردوو عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران، جەواد ئەوجی کۆبووەوە.