لیشیە شراینماخەر: پەرۆشین بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هاوکار و هەماهەنگ بین

"یەکێک لەو بوارانەی هۆڵەندا زۆر تێیدا پێشکەوتووه‌، كه‌رتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانە"
لیشیە شراینماخەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگی گەشەپێدان
لیشیە شراینماخەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگی گەشەپێدان

K24- هه‌ولێر:

دوای سه‌ردانی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری بازرگانی ده‌ره‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، وەک حکومەتی هۆڵەندا پەرۆشن بۆئەوەی هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

لیشیە شراینماخەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگی گەشەپێدان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا به‌ كوردستان24ـی رایگه‌یاند، "کۆبوونەوەیەکی باشم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، باسمان لە هەماهەنگی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد".

هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌زیره‌ هۆڵه‌ندییه‌ راشیگه‌یاند، "بۆئەوی بزانین چۆن هەماهەنگی بکەین، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی پەیوەندیی و هەوڵەکانی رابردوو و پلانی داهاتوو گفتوگۆمان كرد".

لیشیە شراینماخەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگی گەشەپێدان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "یەکێک لەو بابەتانەی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسمان لێوەی کرد فرە چەشنکردنی ئابووری کوردستان بوو، ئەمەش واتە هەبوونی رۆڵی زیاتری کەرتی تایبەت و خەڵک و گەنجی خاوەن کار".

هه‌روه‌ها شراینماخەر روونیكرده‌وه‌، یەکێک لەو بوارانەی هۆڵەندا زۆر تێیدا پێشکەوتووه‌، كه‌رتی کشتوکاڵ و بەرێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانە، ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، داوایکرد چۆن له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا هەماهەنگی و هاوکار بین و چۆن وەبەرهێنەرانی هۆڵەندی لەم بوارانەدا بتوانن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. ده‌شڵێت: "وەک حکومەتی هۆڵەندا پەرۆشین بۆئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار و هەماهەنگ بین".