وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ  لیستێکی جیاکاری شەهیدان و لایەنی سیاسیمان بڵاونەکردووه‌تەوە

"چەواشەکاران و ساختەکاران رووبەڕووی دادگا دەکەینەوە"
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی پێشمەرگە له‌ راگەیندراوێكدا ده‌نگۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی لیستێكی شه‌هیدانی ره‌تكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد، بەهیچ جۆرێک پۆلبەندی و ریزبەندی شەهیدانی سەربەرزی دژ بە داعش بەرەسمی نەکراوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌: بە رای گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و میدیاکاران رادەگەینین، وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ  لیستێکی جیاکاری شەهیدان و لایەنی سیاسیان بڵاو نەکردووه‌تەوە و بە هیچ جۆرێک پۆلبەندی و ریزبەندی شەهیدانی سەربەرزی دژ بە داعش بەرەسمی نەکراوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، نە لەرابردوو نە لە ئێستا و داهاتوو نەبووە و نابێت، هەر لیست و جیاکارییەک لەوبارەیەوە بەناوی ئەمینداری گشتیی و وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە، ساختەیە و ناحەقیشە بەرامبەر بەخوێنی شەهیدانمان. لەوبارەیەشەوە، چەواشەکاران و ساختەکاران دەدەین بە یاسا و رووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، "شەهیدانمان بەیەکەوە  لە سەنگەری بەرگری خاکی کوردستان و کەرامەتی تاک بەتاکی گەلەکەمان و پاراستنی ئەزموونی هەرێم و ئاشتی بۆ جیهان گیانیان بەخشیوە، بۆیە لە لای ئێمە شەهیدان شەهیدی  ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستانن".