‎دوای سەربڕینی هاووڵاتییەك ئاڵاكەشیان هەڵكردووە

چەكدارانی داعش پاسەوانی کێڵگەیەك دەکوژن
چەکدارێکی داعش ئاڵای گرووپە تیرۆریستیەکەیانی هەڵگرتووە، وێنە: Getty Images
چەکدارێکی داعش ئاڵای گرووپە تیرۆریستیەکەیانی هەڵگرتووە، وێنە: Getty Images

K24 - کەرکووک:

‎بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئایاری 2022، چەكدارانی داعش لە سنووری شارەدێی پردێ هاووڵاتییەكی عەرەبیان بەناوی حامد عەواد سەربڕی.

‎بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، ڕووداوەكە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نێوان گوندی زەردك و بیبانی و كەڵوڕی سەربە پردێ ڕوویداوە.

‎سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پردێ بەكوردستان24ـی ڕاگەیاند، ‎لە كامێرای چاودێری چوار چەكداری داعش دەركەوتوون و هەڵدەكووتنە سەر كێڵگەیەك كە موڵكی هاووڵاتییەكی كوردە، لەو کێڵگەیەش خانەوادەیەكی عەرەب چەند ساڵێكە لەوێ وەك پاسەوان كاری تێدادەكەن، دوای قۆڵبەستكردنی پاسەوانی كێڵگەكە، چەکادارانی داعش سەری دەبڕن.  

کوژراوەکە هاووڵاتییەكی عەرەبی سوننەیە و زانییارییەكان باس لەوە دەكەن كە ماوەیەكە لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبییە.

‎هەمان سەرچاوە ڕاشیگەیاند، هەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکی سنووری گوندی كارێز ئاڵای داعش هەڵكراوە و دوای ئاگاداركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان ئاڵاكە هەڵگیراوەتەوە.

‎هاوكات چەند هاووڵاتییەكی ئەو گوندانە بەكوردستان24یان ڕاگەیاند، ‎پێشتریش چەكدارانی داعش لە سنوورەكە جموجۆڵیان هەبووە و چەندین جاریش هۆشدارییان داوە.  

هاووڵاتییان باس لەوەش دەکەن، گرفتی ئەمنی ناوچەکە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە و دوای ئەم ڕووداوەش ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو هاووڵاتیان دروست بووە و داوای جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە دەكەن.